ڕاگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەبارەت بە هێرشی ترسنۆکانەی بەرەبەیانی ڕۆژی 2022/3/13ی سەر هەولێر، کە گوایە بە پاساوی لێدانی بنکەیەکی ئیسڕائیلی نزیک کونسولخانەی ئەمریکا بووە، ڕایدەگەیەنین شوێنی بە ئامانجکراو، شوێنێکی مەدەنی بووە و ئەم پاساوە، تەنیا بۆ شاردنەوەی ئەم تاوانە قێزەونەیە و پڕوپاگەندەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەش دوورە لە ڕاستیەوە. ئەمە چەندین جارە ئێران ئەم دەستدرێژیانە دووبارە دەکاتەوە و بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەرامبەر بەم هێرشە ترسنۆکانە، ڕێگاخۆشکەر دەبێت بۆ بەردەوامیی ئەم جۆرە تاوانانە. داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و جامعەی عەرەبی و حکومەت و پەڕلەمانی عێراق و حکومەتی ئێران دەکەین بە پەلە لێکۆڵینەوە لەم هێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانە بکەن و سەردانی شوێنی بە ئامانجکراو بکەن و ڕاستیيەکان بۆ ڕای گشتی جیهان ئاشکرا بکەن و هەڵوێستی توند بەرامبەر بەم هێرشانە بگرنەبەر.
سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران