ڕوونكردنەوەيەك لە گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم بە پشتیوانی هێزی چەکداری، دەستی بە سەر چەند کێڵگەیەکی نەوتی بای حەسەن و داودگورگەی سەر بەکۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووکدا گرتووە و داگیری کردوون.
ئاشکرایە بە پێی دەستووری عێراق، سامانی گشتی هی هەموو خەڵکی عێراقە و هی کۆمپانیایەک نیيە. کۆمپانیای نەوتی باکوور چەندین ساڵە بەبێ هەبوونی یاسای نەوت و غاز، کار دەکات و دەستوور پێشێل دەکات. ئەگەر كۆمپانیای نەوتی باکوور، لە خەمی چارەسەکردنی کێشەکانە، با یاسای نەوت و غاز بە پێی دەستور تەشریع بکرێت.
بۆیە ئەو هەڵمەتەی دژی هەرێم دەستیان پێکردووە هۆکارەکەی سیاسییە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نیە و ئەو تۆمەتانەی دژی هەرێم بڵاوی دەکەنەوە، دوورن لە ڕاستییەوە و تەنیا بۆ دروستکردنی ئاژاوە و دژی مافەکانی خەڵکی کوردستانە.
د.جوتیار عادل
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
١٤ی ئایاری ٢٠٢٢