ئەنجومەنی وەزیران نیگەرانی خۆی لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەردەبڕێت و سەرکۆنەی هێرشی سەر فڕۆکەخانە دەکات و لێژنەیەکی لێکوڵینەوە بۆ بە بەدواداچوون پێکدەهێنێت
ئەمڕۆ چوارشەممە 12ی نیسانی 2023، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی گرنگیی پاراستنی هاووڵاتییان و دەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و خۆبەدوورگرتنی هەرێمی کوردستان لە ڕاکێشانی کێشە ناوچەیی و دەرەکییەکان بۆ ناو هەرێم
لەمبارەیەوە سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، نیگەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕووداوەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێم سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەر بەشێکی هەرێمی کوردستان دەکات. ڕوونیشیکردەوە کە حکومەتی هەرێم، ئاگاداری ئەو جموجۆڵ و کارانە نین کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکرێن و لە دەرەوەی یاسا بەرکارەکانی حکومەتی هەرێمن و ناکرێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگاداری ئەو کار و جموجۆڵانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی نەبێت.
سەرۆک وەزیران جەختی لەوەش کردەوە کە ئێمە بە هەموو شێوەیەک لەگەڵ هاووڵاتییانی خۆشەویستی سلێمانین و نابێت باجی ئەو ڕووداوانە بدەن .
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و دەرخستنی ڕاستییەکان، بۆ ئەو ڕووداوانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دروست بکات بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی وەستانی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و دواتریش ئەو هێرشەی لە نزیک فڕۆکەخانە ڕوویدا.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوە بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان لە کەرتی گشتی کە لەلایەن سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی خرایەڕوو.
سەرۆک وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزیر و وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەو چاکسازیانەی لە بواری تەندروستیدا ئەنجامدراون ، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە کاری زیاتر بکرێت لە سەر باشترکردنی کەرتی تەندروستی و نەهێشتنی هەموو ئەو گرفت و کەموکورتییانەی لەم بوارەدا هەن لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان.
سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی کەمی دەرمان لە پارێزگای سلێمانی، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپارد کە بانکەکانی پارێزگای سلێمانیش (وەکوو پارێزگاکانی تری هەرێم ) پابەند بکات بەوەی نەختینەی پێویست و بۆ کڕینی دەرمان دابین بکەن.
لە کۆتاییدا، کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕەشنووسی ( سیاسەتی پاراستنی منداڵ لە هەرێمی کوردستان ) خستەڕوو.کە بریتییە لە کۆمەڵێک بەرنامە و ڕێکار بۆ پاراستنی منداڵان لە توندوتیژی و سووکایەتی پێکردن و پشتگوێخستن لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامە و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.
دوای خستنەڕووی چەند تێبینی و سەرنجێک بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی ڕەشنووسەکە ، ئەنجومەنی وەزیران سیاسەتی پاراستنی منداڵی پەسەند کرد.