سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیا نەوتییەکان کە گرێبەستیان هەیە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت و وەزیری داد و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون. وێرای دووپاتکردنەوەی پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکانی بواری نەوت، تیشک خرایە سەر دوایین سەردان و گفتوگۆکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و تێچووی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکانی نەوت و بۆچوونی حکومەتی هەرێم لەم رووەوە و ناردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و بۆچوونی بەغدا خرانەڕوو.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کار و چالاکی کۆمپانیاکانی بوارت نەوت بەرز نرخێنران و کۆمپانیاکانی بواری نەوت بە هاوبەشێکی راستەقینەی حکومەتی هەرێم باسیان لێوەکرا، ئەوەش خرایەڕوو کە بەرگری لە ماف و گرێبەستەکانی حکومەتی هەرێم دەکەن، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتۆگۆکان لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەرێک لە چوارچێوەی دەستوور و پڕۆژە یاسای بودجە.
بەشێکی تری کۆبوونەوەکە باسکردن بوو لە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز و بۆچوونی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی پڕۆژە یاساکە خرانەڕوو، هەر لەو چوارچێوەیەدا کۆمپانیاکانی بواری نەوت بۆچوون و سەرنجەکانی خۆیان بۆ پڕۆژە یاسای نەوت و گاز خستەڕوو .