سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە کونسوڵی گشتی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر کرد
ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە ماڕک سترۆهـ کونسوڵی گشتی نوێی ئەمەریکا و شاندی یاوەری لە هەولێر کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە د.ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئامادەیی بوو، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پیرۆزبایی کردن لە کونسوڵی نوێ لە ئەرکی نوێی دا، پشتیوانی حکومەتی هەرێم بۆ کونسوڵی نوێی ئەمەریکا دووپاتکرایەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پەیوەندی بەردەوام و لە مێژینەی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و پاڵپشتی و هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هەرێمی کوردستان بە گرنگەوە باسیان لێکرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا و گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە یاسایی بودجە و بابەتی پڕۆژە ڕەشنووسی یاسای نەوت و گاز و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە کرا.
لە دڕێژە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی NGO کرا و ئامادەیی و پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم جۆرە ڕێکخراوانە دووپاتکرایەوە.