ئەنجومەنی وەزیران: پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ کۆتایی بە نادادی بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بهێنێت و شایستەکانیان خەرج بکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 12/6، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بەناوی ئەنجومەنەوە، بەخێرهاتنەوەی لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کرد بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجومەن و دەستبەکاربوونەوەی لە کار و ئەرکەکەیدا.
سەرۆکی حکومەت هەروەها کورتەیەکی لهبارەی ئەنجامی دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی لوتکەی گۆڕانی کەشوهەوا خستەڕوو کە لە شاری دوبەی لە دەوڵەتی ئیمارات ئەنجامدرا.
لە بڕگەی یەکەمدا، گفتوگۆ لهبارەی دوا پێشهاتەکانی بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان كرا لە دوا سەردانی شاندی دانوستانکارى هەرێم بۆ بەغدا لە حەفتەی ڕابردوودا کە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.
شاندی دانوستکار ڕوونکردنەوە و بەرچاوڕوونی پێویستیيان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و تێیدا ئاماژەیان بەوە دا کە سەرەڕای دروستبوونی لەیەکترگەیشتنێکی هاوبەش لە بەغدا سەبارەت بەوەی کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و دەبێت لە ناکۆکیی سیاسی و پابەندییەکان جیابکرێتەوە و دەبێت بڕە پارەکانی هاتوو لە خشتەکانی بودجە، وەک خۆی خەرج بکرێت و بە هیچ شێوەیەک پێوەری خەرجی ڕاستەقینەی لەسەر جێبەجێ نەکرێت و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی پرسە سیاسیيەکان نەکرێت.
شاندی دانوستانکار ئاماژەیان بەوە دا کە لە دانوستانەکانی ئەم دواییە، ئەوەی بۆ شاندی هەرێم خراوەتەڕوو، چارەسەری بنەڕەتی ئەم بابەتە و کێشەی مووچەی هەموو مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناکات کە مانگانە 944 ملیار دینارە و بۆ ساڵێکی دارایی زیاتر لە 11 ترلیۆن دینارە، بۆیە ئەوەی بەغدا دەیکات، پێشێلکردنێکی ئاشکرا و بێ پاساوی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە.
ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدرال دەکات کە لە نزیکترین دەرفەتدا، پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند بکات و ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی بکات بە ئاڕاستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم وەک لە خشتەکانی یاسای بودجە هاتووە دوور لە پێوەری خەرجی فیعلی و ناکۆکیی نەوتی و داهاتی نانەوتی. هەروەها لەسەر ئاستی سیاسيیش پێویستە هەموو لایەنە سیاسیيە پێکهێنەرەکانی کابینەی محەمەد شیاع سودانی، پشتیوانی پڕۆژە هەمواری یاسای بودجە بن تا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانيان لەکاتی خۆیدا وەربگرن و چیتر ناعەدالەتی بەرانبەر مووچەخۆرانی هەرێم نەکرێت و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنەکان و یاسای بوجەدا، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و لە ڕێگەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکان بدرێن.
لەلایەکی دیکەشەوە، هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی بەرانبەر حکومەتی فیدڕاڵی جێبەجێکردووە و دەستەی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی فیدڕاڵ و هەرێم، وردبینی و پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم داهات وخەرجیيەکان و میلاکی وەزیفیی هەرێم كردووە، جیا لەوەش، هەرێم پابەندیی نەوتی خۆی بەرامنبەر وەزارەتی نەوتی فیدراڵ جێبەجێ کردووە لە ڕێگەی ڕادەستکردنی نەوت بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەڵام حکومەتی فیدراڵ هیچ بڕە پارەیەکی بۆ کۆمپانیا نەوتیيەکان خەرج نەکردووە، بۆیە هیچ بەهانەیەک بۆ حکومەتی فیدڕاڵ نەماوە کە شایستەی دارایی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکات و ئێمە حکومەتی فیدراڵ بە تاکە بەرپرسی دواخستنی مووچەکان دەزانین و داوا دەکەین چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوا نەخەن.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، جێگری سەرۆکوەزیران، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پرسی زیادبوونی ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان پێشکەش کرد. هەروەها ئاماژەی بە هۆکارەکانی توندوتیژی و چۆنییەتی چارەسەرکردنیانی خستەڕوو و لەمبارەیەوە داوای لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد کە هەموولایەک هاوکار بن لەپێناو جێبەجێکردنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان.
سەرۆکوەزیران جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و گرتنەبەری ڕێکاری توند و بە سزا گەیاندنی هەموو ئەو تاوانبارانەی کە توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان دەکەن کردەوە کە نابێ بە هیچ شێوەیەک، چاوپۆشی و کەمتەرخەمی لەمبارەیەوە بکرێت. سەرۆکوەزیران دامەزراوەکانی حکومەتی ڕاسپارد کە هەڵمەتێکی بەرفراوانی هوشیارکردنەوە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان ئەنجام بدەن.
پاشان ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا کە لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران، لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و ژمارەیەک لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کۆبووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکانی پەیوەست بە ڕووبەرڕووبوونەوەی توندوتیژی بەرانبەر ئافرەتان.
ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی ئەو پێشنیار و ڕاسپاردانەی کرد کە لە ڕاپۆرتەکە و کۆبوونەوە خرانەڕوو، هەروەها پشتگیری خۆی بۆ بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ڕووبەڕوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان و هەموو ئەو ڕێکخراوانەش کە کار لەو بوارەدا دەکەن دووپات کردەوە بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ توندوتیژی دابنرێت.
لە کۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارێکی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری سەبارەت بە لێخۆشبوون و داشکاندنی بە ڕێژەی %15 لە دانەوەی قەرزی هاوبەشانی کرێی ئاو پەسەندکرد، بە مەرجێک لە ماوەی 90 ڕۆژ لە ڕێکەوتی بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، لە ڕۆژنامەی فەرمی، داواکاری پێشکەش بکەن بۆ سوودمەندبوون لەم بڕیارە کە دواتر وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وردەکارییەکەی بڵاودەکاتەوە.