دکتۆر ئومێد سەباح و بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کۆبوونەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ، د.ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە لایەن سەفین دزەیی سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و دابان شەدەڵە، جێگری سەرۆکی فەرمانگەوە پێشوازی کرا ،
لە کۆبوونەوەیەکدا کە سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو ، تیشک خرایە سەر ڕێکخستنەوە و بەرەوپێشبردنی کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە بە ڕەچاوکردنی گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان و بەرفراونبوونی کاروبارەکانی تایبەت بە پەیوەندییە دیبلۆماسی و نێودەوڵەتییەکان .
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە باسی لە هەنگاوەکانی جێبەجێ کردنی ناوەڕۆکی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران کرد تایبەت بەو بابەتە .
پاش ڕا گۆڕینەوە و بەرچاوڕوونی زیاتر و لە پێناو پێشکەشکردنی خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان ، د.ئومێد سەباح ئامادەیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی پیشاندا لە چارەسەرکردنی کێماسی و داواکارییەکان .