شاندی هەرێم درێژە بە کۆبوونەوەکانی لە بەغدا دەدات
ڕۆژی سێشەممە، ١٨ـی تەممووزی ٢٠٢٣، شاندی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتیی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لە بەغدا، درێژەی بە کۆبوونەوەکانی خۆی دا.
لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە بابەتی دارایی و بەشەبودجەی هەرێم و میزانیەى موراجەعەی مانگەکانی ڕابردوو و داهاتى نانەوتی كرا. هەروەها پرسی پارەدارکردن (تمویل)ی پێشمەرگە و پەتڕۆدۆلار، دوو باسی تری ناو کۆبوونەوەکان بوون.
شاندی هەرێم لە دواتردا، سەردانی کۆمپانیای سۆمۆیان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە ئەگەری هەناردەکردن و هەناردەنەکردنی نەوت کرا، بەو پێیەی کە لە بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتییدا هاتووە. هەروەها پرسی تێچووی کۆمپانیاکانی نەوتی هەرێم تاووتوێ کرا.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکاندا، سەردانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کرا؛ لە کۆبوونەوەیەکدا تیشک خرایە سەر پرسی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان.
پاشان بە مەبەستی پیرۆزباییکردن لە ئەرکە نوێیەکەیدا، شاندی هەرێم سەردانی عەمار سوبحی خەلەف، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی کرد.