سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە مەبەستی بەخێرهێنان سەردانی سەرۆکی کەنیسەی کلدان لە عێراق و جیهان کرد
ئەمڕۆ یەکشەممە ٣٠ی تەمموزی ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بەمەبەستی بەخێرهێنانی بۆ هەولێری پایتەخت، سەردانی بەرێز کاردینال پاتریارک لویس ساکۆ، پاتریارک و سەرۆکی کەنیسەی کلدان لە عێراق و جیهان کرد.
لەم سەردانەدا کە ئانۆ جەوهەر،وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاوەری شاندی سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بوو.
لە دیدارەکەدا جەخت لە فەرهەنگی پێکەوە ژیانی ئاشتییانە کرا، باس لە پێشخستنی ئەو فەرهەنگە ئاشتی و پێکەوەژیانی هاوبەش کرا کە لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە، و هەولێری پایتەخت وەک نموونەیەکی جوانی ئەو پێکەوە ژیانەو لە نێوان تەواوی ئایین و ئایینزا و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکان وەسفکرا.
هەروەها سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پالپشتی خۆی بۆ قەداسەتی پاتریارک لویس ساکۆ ، پاڵپشتی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە و رایگەیاند کە کوردستان ماڵێکە بۆ هەموو پێکهاتەکان و هەمیشە دەرگای کراوەبووە بۆ پاراستن و پێشخستنی فەرهەنگی پێکەوە ژیانی هاوبەش کە بۆ هەموان لە هەرێمی کوردستان بوونی هەیە.
هەر لە دیدارەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کوردستان سەرزەمینی تەواوی پێکهاتەکانە و ماڵێ خۆیانە ،هەروەها تیشک خرایە سەر بەردەوامی پشتیوانییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پێکهاتەکان و کلتوری پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان .