Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی لە ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بودجە دەکات و داوا لە فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکات بەرگری لە مافە دەستوریی و شایستە داراییەکانی هەرێم لە ناو پرۆژە یاسای بودجە بکەن

*ئەنجومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەندامانی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا دەکات

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 6/7، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر دوا پێشهاتەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵانی ( 2025-2023 ) و بابەتی هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو ڕێککەوتنەی لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ واژۆ کراوە.

ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانی خۆی بۆ ڕێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەر بودجە دووپات کردەوە کە دەرەنجامی گفتوگۆیەکی چڕ و لە سەر بنەمایەکی یاسایی و زانستیانە و دادپەروەرانە بووە، بۆیە داکۆکی لە دەستەبەرکردنی مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، داوا لە گشت  فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە بە هەماهەنگی و لە پێناوی یەکڕیزی، بەرگری لە مافە دەستوریی و شایستە داراییەکانی  هەرێم لە ناو پرۆژەیاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بکەن.

 

لە بڕگەی دووەمدا، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار، ڕاپۆرتێکی پڕ لە زانیاری لە بارەی داڕشتنی کۆدی بیناسازی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ڕێنمایی نوێی وەزارەتی شارەوانی و گەشت وگوزار بۆ پلانسازی و تۆمارکردنی ئەلکترۆنی موڵک و ماڵی دەوڵەت لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

لە ڕاپۆرتەکەدا، وەزیری شارەوانی ئاماژەی دا بە ڕێکخستنەوەی ڕەوشی بیناسازیی لە هەرێم لە ڕێگای داڕشتنەوەی کۆدی بیناسازیی و نوێکردنەوەی پرۆسەی ڕێپێدانی بیناكردن بە ئاراستەی کۆنتڕۆڵکردنی شێواوی لە ژینگەی بیناسازی وڕێگرتن لە سەرپێچی و زامنکردنی سەلامەتی لە ئاگرکەوتنەوە وسەلامەتی دامەزراوەی کارەبایی ومیکانیکیی ناو بینا وباڵەخانەکان و سەلامەتی پێکهاتە و کارامەیی لە ووزە و هەنگاونان بۆ بە ئەلکترۆنیکردنی پرۆسە وڕێکاری ڕێپێدانیی بینا.

 

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لەو هەنگاوانەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار، گشت وەزارەتەکانیشی ڕاسپارد کە هاوکار و هەماهەنگی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بن بۆ جێبەجێکردنی کۆدی بینا و ڕێنمایی نوێی پلانسازیی و بە جدیی کاربکەن بۆ ڕێکخستنەوە وبەدوادچوونی موڵکەکانی دەوڵەت لە سەرجەم وەزارەتەکان لەبەر ڕۆشنایی یاسا بەرکارەکان کە سەرچاوەیەکی فراوانی داهاتی گشتین،  ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتی دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری ڕاسپارد بۆ هەماهەنگی و پشتیوانی وەزارەتەکان بە ئاراستەی پیادەکردنی سیستمێکی ئەلکترۆنیی  بۆ تۆمارکردنی ووردەکاریی و زانیاریی موڵکی گشت دامەزراوە حکومیەکان لە داتا سەنتەری ناوەندیی حکومەت و و داڕشتنی پرۆسە و میکانیزمی گونجاو و پێویست بۆ وەبەرهێنان لە موڵک و ماڵی دەوڵەت بە ئاراستەی هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات و باشترکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان وبەکارهێنانەوەی داهاتی وەبەرهێنان لە موڵک وماڵی دەوڵەت بۆ خەرجیە گشتیەکان وپڕۆژە خزمەتگوزارییەکان.

 

پاشان  لە بڕگەی سێیەمدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، کورتەیەکی دەربارەی  جێبەجێکردنی بڕیارەکانی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە دیاردەکانی سیم کارتی بێ خاوەن، ئۆتۆمبێلی بێبەرایی و تۆمارنەکراو و چەکی بێ مۆڵەت و هەنگاوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە خستەڕوو، ئاماژەی بە بەرەوپێشچوون وگرفت و بەربەستەکان دا، هەروەها باسی لە هەماهەنگی هاووڵاتیان لەمبارەیەوە کرد و ئەوەشی خستەڕوو کە لە ناوەڕاستی مانگی تەممووز، وادەی دیاریکراو بۆ تۆمارکردنی چەکی تۆمارنەکراو کۆتایی دێت و لەو کاتە بەدواوە، بە گوێرەی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان، ڕێکاری پێویست دەگیردرێتەبەر، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ناوخۆی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە ڕێکارەکانیان بۆ بەرگرتن لەو دیاردانە و کارکردن بۆ کەمکردنەوەی تاوان و توندوتیژیی وپاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتیان.

لە بڕگەی کۆتاییدا، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و وەزیری ناوخۆ، باسیان لە بابەتی دەستنیشانکردنی  قەدەخەکراویی ڕێگە گشتییەکان لە دەرەوەی شارەکان و بەرگرتن و لابردنی زێدەڕۆییەکان لە بەر ڕۆشنایی یاسای ڕێگە گشتییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ڕاسپاردنی هەردوو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و ناوخۆی دا  کە بەردەوام بن لە ڕێکارە هاوبەشەکانیان و پێویستە سەرۆکی یەکە کارگێڕیەکانیش لە سنووری پارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ و قەزا و ناحییەکانیان، چالاکانەتر کاربکەن بۆ لابردنی هەر زیادەڕۆییەک لەسەر ڕێگاوبانە گشتیەکان و بەرگرتن لە هەر هەوڵێکی زیادەڕۆیی و ڕووبەڕوکردنەوەی سەرپێچیکاران لە بەرامبەر یاسا و وەرگرتنی ڕێکاریی قەزايی بەرامبەریان.

بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک کۆماری تورکیا و دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی ئەو وڵاتە، ئەنجومەنی وەزیران، پیرۆزبایی لە سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و ئەندامانی کابینەی نوێی حکومەتی تورکیا دەکات و بە هیوای بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیایە لە سەر بنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی هاوبەش .