سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە بەرپرسی نوسینگەی یونامی لە ھەولێر دەکات
![](/media/19537/whatsapp-image-2023-05-04-at-174437.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190750000000)
ڕۆژی پێنج شەممە ٤ـی ئایاری ٢٠٢٣، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی له ریکاردۆ رۆدریگز، بەرپرسی نوسینگەی یونامی لە ھەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا باس لە دوایین پێشھات و بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و عێراق کرا، هەروەها بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستور و کارنامەی تازەی حکومەتی عێراق بۆ گەیشتن بە چارەسەر بە پێویست زانرا.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە باس لە پرۆسەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، و ئاماژە درا کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی تەواوی نیشانداوە و پابەندە بە ڕێکارەکانی ئامادەکاری بۆ ئەوەی پڕۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ھەماھەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و یونامی کرا و جەخت کرایەوە لە بەردەوامی پەیوەندی و ھەماھەنگی نێوان ھەردوولا
بەرپرسی نوسینگەی یونامی لە ھەولێر پاڵپشتیی خۆیان دووپاتکردەوە بۆ گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ھەرێم و حکومەتی عێراق بۆ بە چارەسەر گەیاندنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا.