ئەنجومەنی وەزیران: ئەرکی حكومەتی فیدراڵە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە کاتی خۆی بنێرێت
* دوای وردبینی دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم و بڕی مووچەکانیان پشتڕاستکراونەتەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 10/25، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی ڕۆژی 10/18 لەنێوان لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیى وەزیری دارایی و ئابووری و بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ، لەلایەن ئەندامانی شاندی حکومەتی هەرێم خرایەڕوو و ڕوونکردنەوەی پێویست بە ژمارە و داتای دروست سەبارەت بە دۆخی دارایی و مووچەی هەرێمی کوردستان پێشکەش کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بەوە درا کە لە کۆبوونەوەکەی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، شاندی هەرێم بە ڕاپۆرتێکی 30 لاپەڕەیی و بە ژمارە و داتای دروست، وەڵامی سەرجەم پرسیارەکانی تایبەت بە بودجەی هەرێمى دایەوە لەبارەی داهات وخەرجییەکان و نەوت و دەروازە سنووريیەکان و پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵی و هەرێم و میلاکیی گشتی و مووچە.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵ، بۆ بەرجەستەکردنی ئەو بنەمایانەی کە لە کۆبوونەوەی ڕۆژی 10/18 ی لیژنە دارایی هەموولایەک لەسەری کۆک بوون، بەتایبەتیش جیاکردنەوەی تەرخانکراوەکانی مووچەی هەرێم لە پێوەری خەرجیى ڕاستەقینە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراقی فیدڕاڵ و هەموارکردنەوەی ماددەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە یاسای بودجە.
پاشان لەلایەن فەریق سلێمان بەڕێوەبەری گشتی لە دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی کوردستان، کە میوانداریی کۆبوونەوەکە کرابوو، پوختەی ڕێڕەوی بەڕێوەچوونی پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی خرایە ڕوو کە لە ساڵی 2023 ئەنجامدراون. لەمبارەیەوە دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، ئاماژەی بە هەماهەنگی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان دا بۆ سەرخستنی پرۆسەی وردبینی لە ڕێگهی پێدانی زانیاری و داتای پێویست و پەیوەندیدار بە داهات و خەرجیيەکان و میلاکی گشتی و ئاسانکاریی پێویست بۆ کردنەوەی دەرگای دامەزراوەکان بۆ تیمی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی، کە لە دەرەنجامدا، سێ ڕاپۆرتی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری پێشکەش کراون کە یەکەمیان تایبەتە بە داهات و خەرجیەکان بە گشتی و ڕاپۆرتی دووهمیش سەبارەت بە نەوت و دوا ڕاپۆرتیش تایبەتە بە میلاکی گشتی هەرێم و بڕی مووچەکان، لەم ڕاپۆرتەدا دوای وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری و دارایی، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم و بڕی مووچەکانیان پشتڕاست کراونەتەوە.
ئەنجومەنی وەزیران وێرای پشتیوانی لە پرۆسەی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریى دارایی دەکات، بە ئاراستەی خستنەڕووی ڕاستیيەکان و دڵنیاکردنەوەی هەموو لایەک کە هەرێمی کوردستان، هەروەک هەمیشە شەفافانە، هەموو زانیاری و ژمارەکان دەخاتەڕوو و هیچی نیە بیشارێتەوە، ئەم پرۆسەیەش هەر لەو پێناوەدایە کە هەموو لایەک لە ڕاست و دروستی داتا و زانیاری و ژمارەکان دڵنیا ببنەوە و هیچ بیانوویەک بۆ حکومەتی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە کە بەربەست دروست بکەن لە خەرجکردنی شایستەداراییەکانی هەرێم.
ئەنجومەنی وەزیران گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی ڕاسپارد کە بەردەوام بن لە هەماهەنگی و هاوکاریی دیوانی چاودێریی دارایی و کارئاسانی بۆ دەستە هاوبەشەکانی وردبینیان و وەرگرتنی ڕێکاری پێویست بۆ تێبینی و سەرنجی تەکنیکی ژمێریاری و دارایی تاوەکوو هیچ بیانوویەک بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەهێڵرێتەوە. بە تایبەتیش لە دوای ئەو ڕاپۆرتە هاوبەشەی هەردوو دیوانی چاودێریی فیدڕاڵی و هەرێم ، ئێستا ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان لە دوای وردبینی پشتڕاستکراونەتەوە. ئیتر ئەرکی حكومەتی فیدراڵ و بە تایبەتی وەزارەتی داراییە، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش لە کاتی خۆی بنێرێت کە شایستەی قانونیی مووچەخۆرانە.