ئەنجومەنی وەزیران دووپات دەکاتەوە کە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم وەک هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی عێراق مانگانە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک مووچەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێمهوه وەربگرن
ئەمڕۆ چوارشەممە 10/11 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتیى یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان کرد بە بۆنەی گرێدانی کۆنگرەی پێنجەمینی یەکێتی، بە ئومێدی ئەوەی ئەم کۆنگرەیە، ببێتە مایەی برەودان بە دەرفەتی کاری هاوبەش و پێکەوەیی سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسیيەکانی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکهەڵوێستی لەپێناو دابینکردن و پاراستنی ماف و دەسەڵات و شایستەکانی هەرێم لە بەغدا، لەپێش هەمووشیانەوە مووچە و بودجەی هەرێم.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، لەلایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون، دوا هەنگاو و بەرەوپێشچوونەکانی کاری وردبینکردنی خشتەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵی و هەرێم خرایە ڕوو، کە ماوەی هەفتەیەکە دەست بەکار بوون. ئەم هەنگاوەش، دەستپێشخەری شاندی باڵای حکومەتی هەرێم بوو بە سەرۆکایەتيی سەرۆک وەزیران لە دوا سەردانی بۆ بەغدا.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بە هەماهەنگی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، کە سەرجەم زانیاریی پێویست خراوەتە بەر دەست لیژنە هاوبەشەکە، بەم جۆرەش ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات و وابەستە نەکرێت بە ناکۆکیی و کێشە سیاسیيەکان و پابەندییەکان و پێویستە بەیەک چاو سەیری سەرجەم مووچەخۆران بکرێت لە سەرتاسەری عێراقی فیدڕاڵ، بەو پێیەی هاووڵاتییانی عێراقی فیدڕاڵ بە هەرێمی کوردستانیشەوە، یەکسانن لەبەردەم یاساکان و نابێت جیاکاریی بکرێت لە پێدانی شایستەی مووچەخۆران لەژێر هیچ پاساو و بیانوویەکدا.
سەرۆک وەزیران دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشتر هەموو داتا و زانیارییەکانی تایبەت بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و شەفاف و تۆمارکراو لە سیستهمێکی ئەليکترۆنیى پێشکەوتووی بایۆمەتریی، پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کردووە و بەردەوامیشە لەم هەماهەنگییە لە چوارچێوەی سنوور و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە دەستووردا و بە گوێرەی پێداویستيیەکانی سیستەمی فیدراڵی لە بواری دارایی، حکومەتی هەرێم درێغی ناکات لە هەوڵەکانی لەم بارەیەوە و بە ئەرکی لەپێشینەی دەستووریی و قانونیی خۆی دەزانێت، لەبەرانبەردا ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە کە پابەندیی دەستووریی خۆی جێبەجێ بکات، بە تایبەتیش کە زانیاریی تەواو لەسەر ژمارەی مووچەخۆران و بڕی مووچەکانیان و ئەو یاسا و ڕێنماییانەی کە پەیوەندیدارن هەیە و لە هەمانکاتدا لە ناو خشتەکانی بودجەی فیدڕاڵیشدا بڕە پارەی پێویست بۆ مووچەخۆرانی هەرێم تەرخانکراوە و بەهانەی فرۆشتن و هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش نەماوە تا شایستەکانی هەرێم ڕابگرن. بۆیە پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم، وەک هەموو مووچەخۆرانی پارێزگاکانی عێراق، مانگانە بێ هیچ کێشە و ئاستەنگێک، مووچەکانیان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم وەربگرن.
بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بابەتی ڕێکار و هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهان و دواپەرەسەندنەکانی ئەم بابەتە لە نێوان عێراق و تورکیا و ئامادەکارییەکانی هەرێم و کۆمپانیا نەوتییەکان کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، لە چوارچێوەی ڕاپۆرتێکدا خرایەڕوو، کە تێیدا ئاماژە بەوە کرا هەرێمی کوردستان لە دوای جێبەجێکردنی یاسای بودجە لە 6/25 ی ئەمساڵەوە، پابەندیی خۆی بە ڕادەستکردنی نەوتی ڕۆژانەی هەرێم بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵ کردووە بەو بڕە نەوتەی داوایان کردووە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی، بەبێ ئەوەی حکومەتی فیدراڵ خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە خەرج بکات. ئەمەش نیازپاکیی هەرێم پیشان دەدات.
لە هەمان کاتدا هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ و وەزارەتی سامانە سروشتیيەکان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی لەبارەی خەرجیيەکان بە گرنگ زانی تاوەکوو دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای بەندەری جەیهان سەرکەوتوو بێت. کە لە 3/25ی ئەمساڵەوە نەوت ڕاگیراوە و زیانی دارایی گەورەی بە داهاتی گشتیی عێراق و هەرێم گەیاندووە.
دواتر وەزیری کاروباری پێکهاتەکان ئایدن مەعرووف، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕەوشی گشتیی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی بە ئاراستەی پەرەپێدان و پتەوکردنی زیاتری دۆخی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی هەرێمی کوردستان و پاراستنی مافە ڕەواکانیان لەخۆ گرتبوو.
سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە کە بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە یەکێک لە سیما گەشەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە کە شانازی پێوە دەکەین و هەرچی پێویست بێت لە پێناو پاراستن و گەشەپێدانی ئەو بەیەکەوەژیانە دەیکەین بۆ ئەوەی کوردستان وەک هەمیشە مەڵبەند و لانکەی ئارامی نەتەوە و ئایین و ئایینزا و کولتوورە جیاوازەکان بێت و هەموومان لە کوردستان کە نیشتمانی هەموومانە، بە ئاشتیی و خۆشەویستی بژین.