ئەنجومەنی وەزیران کارەکانی لیژنەی وردبینيی هاوبەش و ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکات
ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی ئابی 2024، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دەرەنجامی کارەکانی لیژنەی وردبینيی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێريی دارایيی فیدراڵ و هەرێم بۆ سێ مانگی یەکەمی 2024، لەبارەی داهات و خەرجی و میلاک و تۆماری بایۆمەتری و ژمارەی وەزیفيی یەکگرتوو، لەلایەن فەریق سلێمان، سەرپەرشتیاری دیوانی چاودێريی دارایيی هەرێم و هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای زانیاری و سەفین غەفوور، ڕاوێژکار لە نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران خرایە ڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای جەختکردنەوە لە سەرجەم وەزارەتەکان بۆ برەودان بە هەماهەنگیی پێویست لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی دیوانی چاودێریی دارایيی هەرێم و فیدڕاڵ لەپێناو لابردنی هەر ئاستەنگێکی تەکنیکی لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی مانگانەی هەرێم لە کاتی خۆیدا، لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە بەرپرسیارێتی وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵە، مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچەی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق بنێرێت کە زیاتر لە 30 ڕۆژە، لیستی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی تەمموز بە سەرجەم زانیاریيە داواکراوەکان ڕەوانە کراوە، بەڵام بە داخەوە تا ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج نەکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە مووچە بە بڕیاری دادگا بە دوورگیراوە لە ناکۆکیيەکانی نێوان هەردوو حکومەت بەو پێیەی مووچە، شایستەی دارایيی مووچەخۆرانە و نابێت تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت. لە هەمانکاتدا وەزارەتی دارایی و ئابووريی هەرێم سەرجەم پابەندییەکانی خۆی لە بەرانبەر وەزارەتی دارایيی حکومەتی فیدڕاڵ جێبەجێ کردووە لە ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بە گشت زانیاریيەکانی تۆمارکراو لە داتابەیسی بایۆمەتری و دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێریی دارایی، سەرەڕای ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی داهات و خەرجیيەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ لە کاتی خۆیدا و هەروەها مانگانە بەشی گەنجینەی فیدڕاڵی لە داهاتە نانەوتیيەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵ ناردووە.
ئەنجومەنی وەزیران هەروەها جەختی کردەوە ، كە نابێت بەهیچ جۆرێک هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی دارایيی فیدراڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم، وەک ئەوەی ئێستا لە لایەن وەزارەتی دارایيی فیدڕاڵەوە دەکرێت، ئەمە مامەڵەیەکی جیاکارییە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چونکە دڵنیاین، دیوانی چاودێريی دارایيی فیدڕاڵ، بەردەوام ڕاپۆرت لەبارەی کەموکورتییەکانی ژمێریاریی دامەزراوەکانی فیدڕاڵ پێشکەش دەکەن، بەڵام هیچ کات پەنایان بۆ دواخستن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق نەبردووە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات مووچەی مانگی تەمموزی مووچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت، وەزارەتەکانیش لە نزیکەوە کار لەسەر ڕاسپاردەکانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایيی هەرێم و بەغدا دەکەن، بۆیە نابێت ڕاپۆرتەکانی چاودێريی دارایی، ببنە هۆکاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
لە بڕگەی دووەمدا، ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی لەبارەی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ خستەڕوو تایبەت بە یەکخستنی ڕێکار و ڕێنماییە داراییەکان لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی لە بواری دارایيی گشتی وسیستمە ژمێریاریيەکان، بە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندێتی دەستووریی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەکارییەکانی خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد هەماهەنگی لەگەڵ دیوان و سکرتاریەتی ئەنجومەنی وەزیران بکەن، بۆ گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی بڕیارێک لەمبارەیەوە، تا لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و بڕیاری پێویستی لەسەر بدرێت.
بڕگەی سێیەم تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی هەماهەنگی نێوان کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق و سەرۆکایەتيی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبەر ڕۆشنایيی دوا کۆبوونەوەی هاوبەش، لە ڕێککەوتی 8/14 و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوە تایبەت بە ئەرک و ڕۆڵی وەزارەتەکانی هەرێم لە پێشکەشکردنی ئاسانکاریی لۆجستی بۆ کۆمسیۆن، لەپێناو سەرخستنی ئامادەکارییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 20 ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ.
ئەنجومەنی وەزیران پشتیوانیی خۆی بۆ سەرخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن دووپات کردەوە و جەختی لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لە کەشێکی ئارامدا کردەوە.
دوا بڕگەی کۆبوونەوە، پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک بوو لەلایەن کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەبارەت بە پرۆسەی کڕینەوە و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم و شایستە داراییەکانیان و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی جووتیاران.
ئەنجومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و دەستەی وەبەرهێنانی ڕاسپارد پێکەوە کاری پێویست ئەنجام بدەن، بۆ بەبازاڕکردنی ئەو گەنمەی جووتیارانی هەرێم، کە لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵەوە وەرنەگیراوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی کڕینەوەی گەنم لە لایەن کەرتی تایبەتی هەرێم کە گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە بۆ ئەم مەبەستە، لە ئێستاشەوە پلانی پێویست دابنێن بۆ بەرهەمی ساڵی داهاتووی جووتیاران و لە پەیوەنديی بەردەوامدا بن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ پاراستنی مافی جووتیارانی هەرێم و دابینکردنی شایستە داراییەکانیان.