سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ بەشێک لە دامودەزگه ئیداریيەکانی پارێزگهی سلێمانی کۆبووهوه
ڕۆژی چوارشەممە ٣١ـی تەمموزی ٢٠٢٤، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت، لەگەڵ بەشێک لە دامودەزگه ئیداریيەکانی سنووری پارێزگهی سلێمانی کۆبووەوە، کە پێکهاتبوون لە لێپرسراوی هێزەکانی یەکەی حەفتای سەر بە وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی شارەوانيی سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتيی کشتوکاڵی سلێمانی، هەروەها بەڕێوەبەری بانکی ناوەنديی هەرێم/ سلێمانی.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر کێشە و گیروگرفتەکانی دامودەزگهکان، لە نزیکەوە گوێ لە داواکارییەکانیان گیرا، بە مەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکردنیان و خزمەتکردنی دامودەزگهکانی حکومەت بێ جیاوازى لە سنوورەکەدا، ئەمەش لەپێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیيان.