سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر کۆدەبێتەوە
ڕۆژی پێنجشەممە 29ی شوباتی 2024، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا وێڕای جەختکردنەوە لە هەماهەنگی و پەیوەندیەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین پێشهات و تەحەددیاتەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم و بەغدا کرا.
پرسی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی ئیتیحادی و دوابڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگەی فیدراڵیی عێراق و لێکەوتەکانی ئەم بڕیاڕانە و پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان حکومەتی هەرێم و ئەمەریکا و سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە ئێستا بە سەردانێکی فەرمی لە ئەمریکایە تاوتوێ کران، هەردوولا سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمیان بە سەردانێکی مێژووییی گرنگ و پڕ بایەخ وەسف کرد، لای خۆیەوە کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا دووبارە پاڵپشتی خۆیانی بۆ حکومەتی هەرێم دووپات کردەوە و بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و بەردەوامبوونی دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوولا لە ڕێگەی دەستورەوە بە پێویست زانی.
لای خۆیەوە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سوپاسی کونسوڵ و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکای کرد و هەڵوێستەکانی بۆ پاڵپشتی هەرێمی کوردستان بەرز نرخاند.