سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا دەکات
ڕۆژی پێنجشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2024، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە بنیامین حەننا، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا بە وەکالەت و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا دوای بەخێرهێنانی شاندی میوان، ئیدانەی دوایین هێڕش و بۆردومانەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر و بە ئامنجگرتنی خەڵکی سڤیل کرا و کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا بە ناوی خۆی و حکومەتی ئەڵمانیا هاوخەمی خۆیان بۆ هێڕش و پەلامارەکانی ئێران بۆ سەر هەولێر و هاووڵاتییانی سڤیل دەربڕی و سەرەخۆشی خۆیان لە گەلی کوردستان و خانەوادەی قوربانیان کرد و ئەم هێڕش و پەلامارانەیان بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان زانی و هیوایان خواست کە لەمەودوا ڕوداوی لەوشێوە دووبارە نەبێتەوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سوپاس خۆی بۆ کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا و حکومەتی ئەڵمانیا بە هەڵوێست و هاوخەمیەکانیان لەمەر هێڕش و پەلامارەکانی ئێران دەربڕی .
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هەماهەنگی و پەیوەندی بەردەوامی نێوان حکومەتی هەرێم و گەلی کوردستان و گەل و حکومەتی ئەڵمانیا، جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و پەیوەندیی و سەردان و گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عیراق کرا و گفتوگۆ بۆ چارەسەری کێشەکان بە پێویست زانرا، هەروەها هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێم و پرۆسەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت تاووتوێ کران.
لە دیدارەکەدا پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئاماژە بەوەدرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی کوردستانەو کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لەم ڕووودا پالپشتی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوپاتکردەوە.