شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کۆبووەوە
رۆژی چوارشەممە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی باڵای وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوە و بەرهەمهینانی نەوت و گاز کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا کرا سەبارەت بە یاسای بودجە و نەوت، و تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرگری لە مافە دەستورییەکانی هەرێم بە ئاڕاستەی چارەسەری کێشەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا نیازی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەری ریشەیی جەختی لێکرایەوەو ئاماژە بەوەدرا ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێم بووە ئەنجامیداوە تاکو گفتوگۆکان بگەنە ڕێکەوتن و چارەسەر ، ئاماژە درا هەرێمی کوردستان ئەوەی پێویست بووە لە زانیاری و داتا و بەڵگەنامەکان خستویەتییە بەردەم وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی.
لە کۆبونەوەکەدا خواستی هەرێم بۆ هەرچی زوو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیاکان خرایەڕوو کە ئەم بابەتەش پێویستی بە ڕێگاچارەی هاوبەش و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی هەموو لایەکە سەبارەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.
هەر لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا باس لەو ئاڵنگارییانە کرا کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو هاتۆتە پێش کۆمپانیاکانی نەوت، کە بەهۆی بارودۆخی ئابووری بۆیان دروستبووە، بەسوپاسەوە تیشک خرایە سەر خۆڕاگری کۆمپانیاکان و لەبەرامبەر ئەو ئاستەنگانەی کە هاتۆتە بەردەمیان ، و ئاماژەش بەوەدرا بە پێکەوەیی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کارەکانیان سەرکەوتووتر دەبن، و بڕیار درا کە ئەم جۆرە کۆبونەوە هاوبەشانە بەردەوام بن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش بۆ یەکلایی کردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ئەمەش لە پێناو دەستپێکردنەوەی بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە بوژاندنەوەی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق.