سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە شاندێکی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت دەکات
رۆژی پێنجشەممە، ١٨ـی تەممووزی ٢٠٢٤، د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە شاندێکی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنی نەوت کرد کە پێکهاتبوون لە جۆن هاریس، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای گۆڵف کیستۆن، تۆفیق شاهین، سەرۆکی کۆمپانیای کرێستینف، مات زایس، جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN، سرود موختار، بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای HKN لە عێراق.
لە کۆبوونەوەکەدا پرسی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت و کارو چالاکیەکانی کێڵگە نەوتییەکان و کەرتی وزە ئاڵوگۆڕکران.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ و پێشکەوتنی پەیوەندییەکان کرا و پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەسەربوونی ئەو گرفتە بیروڕای لەبارەوە ئاڵۆگۆرکرا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆکانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ گەیشتن بەچارەسەرێکی گونجاو لە چوارچێوەی دەستور و پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەربوونی ئەو پرسانەی هاتوونەتە پێشەوە دووپاتکرایەوە .