ئەنجومەنی وەزیران ژمارەیەک بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەدات
ئەنجومەنی وەزیران:
* ئەرکی دەستووری حکومەتی فیدڕاڵیە کە تەواوکاری مووچەی مانگی دوو و تەواوی مووچەی مانگی سێ بنێرێت.
* بڕیاردرا زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی تا ئێسا سوودمەند نەبوون دابەش بکرێت و داشکاندن لە ڕێژەیەک لە پارەی ئاو و کارەبا و رسومات و کرێی شارەوانی و سزاکانی هاتووچۆ و پێبژاردنەکان بکرێ.
ئەمڕۆ چوارشەممە 3/27، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کارنامەی کۆبوونەوەدا، کە تەوەری سەرەکی بوو، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری ، کورتەیەکی دەربارەی دۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو. لەمیانەی ڕوونکردنەوەکانیدا، ئاماژەی بە هەموو ئەو ڕێکار و هەنگاوانە کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە بە ناردنی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانەی وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ناردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران، لە ناویشیاندا زانیاری تایبەت بە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش کە ئەمڕۆ دوای تەواوبوونی وردبینی لە لایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ کرا، بۆیە پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات و مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت لەبەر ئەوەی هیچ پاساو و بیانویەک نەماوە بۆ خەرج نەکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم.
سەرۆک وەزیران، سوپاسی وەزیری دارایی کرد بۆ ڕوونکردنەوە و خستنەڕووی ڕاستییەکان بە داتا و زانیاری وردەوە دەربارەی بارودۆخی دارایی بۆ ڕای گشتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران.
سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە هەموومان داکۆکی لە قەوارەی دەستووریی هەرێم و ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین و ڕێگە نەدەین سازش لە سەر مافەکانمان بکرێت و هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە کە خوازیاری ڕێکەوتنی هاوسەنگانەیە لە نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی دەستوور و هەرێمی کوردستانیش بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرکە دەستووریەکانی، بەم ئاراستەیەش، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم هەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکردوە و ئیتر دەبێت حکومەتی فیدڕاڵ ئەرکی دەستووری خۆی جێبەجی بکات لە ناردنی شایستەی داراییەکانی هەرێم بۆ تەواوکاری مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش بۆ مانگی شوبات و هەروەها مووچەی تەواوی مانگی ئادار و مانگەکانی داهاتووش.
سەبارەت بە پرۆسەی تەوتین کردنی مووچەی هەرێم، سەرۆکی حکومەت باسی لە گرنگیی پڕۆژەی ( هەژماری من ) كرد کە پڕۆژەیەکی پێشکەوتووە و لە لە ژێر سەرپەرشتی و ڕێگەپێدانی بانکی ناوەندیی عێراقە، چەندین خزمەتگوزاریی دارایی و ئاسانکارییەکی زۆریش پێشکەشی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات کە بەشێکە لە پرۆسەی تەوتینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە سەبارەت بە بڕگەی یەکەم لە کارنامەکە، ئەنجومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ ئەم بڕیارانەی خوارەوەی دا:-
1. ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ دەستپێکردنی دابەشکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران بۆ مانگی شوباتی 2024 و ڕاسپاردنی گشت وەزارەت و دامەزراوەکانی هەرێم بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی ئاداری 2024 تاوەکو ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ بکرێت بۆ خەرجکردنی، لەبەر ڕۆشنایی بەرپرسیارێتی دەستووریی حکومەتی فیدراڵ بۆ بەجێگەیاندنی بەڵێنەکانی بۆ مووچەی مانگەکانی شوبات و ئادار و مانگەکانی داهاتوو، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو ئەرکەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور جێبەجێ کردووە کە لە دوا هەنگاویشدا ئەمڕۆ 27ی ئاداری 2024 سەرجەم زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوەکانی ئاسایش لە دوای وردبینیکردنی لەلایەن دیوانی چاودێری داراییەوە، ئاراستەی حکومەتی فیدراڵ کراوە.
2. ڕاسپاردنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابەشکردنی زەویی نیشتەجێ بەسەر سەرجەم فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێشتر سوودمەند نەبوون لە وەرگرتنی زەویی نیشتەجێبوون.
3. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیست لە بڕی پارەی کرێی ئاو و کارەبای کەڵەکەبوو لەسەر هاووڵاتییان تا ئاساییبوونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێم.
4. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیست لە بڕی پارەی ڕسوومات و کرێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار کە دەکەوێتە ئەستۆی کاسبکاران و پیشەوەران تاوەکو ئاساییبوونەوەی باری ناهەمواری دارایی لە هەرێم.
5. کەمکردنەوەی ڕەسمی گومرگی لەسەر ئاژەڵی زیندووی هاوردەکراو بۆ مەبەستەکانی سەربڕین و بەخێوکردن بە ڕێژەی (50%) لەسەدا پەنجا لە ڕەسمی ئێستا و پێویستە لە دوای یەک ساڵ پێداچوونەوەی بۆ بکرێت.
6. لێخۆشبوون لە تەواوی سزای دواکەوتنی کەڵەکەبوو لەسەر خاوەنکاران، تایبەت بە بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ماوەی (90) نەوەد ڕۆژ بە مەرجێک لەو ماوەیەدا، تەواوی پارەی بەشداریی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بدات.
7. لێخۆشبوون لە سزای سەرپێچیی هاتووچۆ لەسەر هاووڵاتییان بە ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی سزاکانی کۆن و بەردەوام لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارە تا کۆتایی دەوامی ڕۆژی 2024/9/30.
8. پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست لە چوارچێوەی یاساکانی باج بۆ باجدەران لە چین و توێژەکانی کاسبکاران و پیشەوەران و لێخۆشبوون لە تەواوی سزای دواکەوتنی پێدانی باج کە دەکەوێتە ئەستۆی ئەم چین و توێژانە.
9. داشکاندنی ڕێژەی (20%) لەسەدا بیستی کرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگا و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی سەرباری ئەو ڕێژەی داشکاندنانەی پێشتر کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە بڕیاریان لەسەردراوە.
10. پێویستە سەرجەم وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەم بڕیارانە جێبەجێ بکەن.
بڕگەی دووەم تایبەت بوو بە بڕیار و ڕێنماییەکانی بانکی ناوەندیی عێراقی تایبەت بە ڕاکێشانی کاش بە دراوی دۆلاری ئەمەریکی کە لەلایەن وەزیری دارایی و ئابووری خرایەڕوو، ئامانج لەم بڕیارانە کۆنتڕۆڵکردنی نرخی دینارە لەبەرامبەر بەهای دۆلاری ئەمەریکی.
ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پێویست بۆ بابەتەکە بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەن بڕیاری پێویستی لێ بدرێت.