سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر دەکات
ڕۆژی چوارشەممە، 27ی ئاداری 2024، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا بیرورا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی فەرەنسا، پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە چوارچێوەی دەستور ئاڵوگۆڕ کران.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر بەردەوامی و بەهێزکردنی پەیوەندیی مێژوویی و دۆستایەتی، بە سوپاسەوە باس لە ڕۆلی فەرەنسا و پەیوەندییە مێژوویی و ڕاستەقینەکەی کرا و هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانی فەرەنسا بۆ گەشەسەندن و پەرەپێدان و سەقامگیری لە ناوچەکە بەرز نرخێنرا.
هەماهەنگی و گەشەسەندنی کەرتی پەروەردە و ئامادەکاری بۆ گۆڕانکاریەکانی کەشوهەوا لە ئاستی جیهان و ناوچەکە و هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فەرەنسا لە بواری ئابوری تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.