ئەنجومەنی وەزیران جەخت لە ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان و کۆتاییهێنان بە پێشلێکارییە دەستوورییەکان لەم ناوچانەدا دەکاتەوە
* ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتەکان دەکات بەردەوامبن لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی ئایاری 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوە، کە میوانداری فەهمی بورهان سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کرابوو، ڕاپۆرتێکی وردی لەبارەی کار وچالاکییەکانی دەستە و دۆخی ئێستای ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی خستەڕوو، لە هەمانکاتدا ڕەشنووسی نەخشەڕێگەیەکی پێشنیار کرد لەسەر ئاستی بەرپرسیارێتی دامەزراوە تایبەتمەندەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ لە ناویشیاندا ئەنجومەنی وەزیران و ئەنجومەنی نوێنەرانی فیدڕاڵ تایبەت بە ناوچە کوردستانیەکان لەبەر ڕۆشنایی ماددەی 140 ی دەستووری عێراق و کارکردن لە پێناو دیاریکردنی چارەنووسی ئەو ناوچانە و گەڕانەوەیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، کە ئاماژەی بە ڕێکاری هەنووکەیی و خێرا بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئیداریی و ئەمنی و سەربازیی ئێستای ناوچە کوردستانییەکان و هەڵوەشاندنەوە و بەرگرتن لە ڕێکارە قبوڵنەکراوەکانی سیاسەتی بەعەرەبکردن کرد، ئەمەش پێش هەموو شت پێویستی بە یەک دید و هاوهەڵوێستی نیشتیمانیی هەموو هێز و لایەنە کوردستانیەکان هەیە.
هەر لە میانەی ڕاپۆرتەکەی سەرۆکی دەستە، ئاماژەی بە هەموو ئەو دۆخە دژوار و سەخت و ڕەفتارە نا دەستوورییانە كرد کە ئەم ناوچە کوردستانییانە دووچاری دەبنەوە لە ڕووی بەردەوامبوونی سیاسەتی بەعەرەبکردن و داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان و دەرکردنی هاونیشتمانییانی کورد لە سەر زێدی باب و باپیرانیان و هەموو ئەو پێشێلکارییانەی دژ بە خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچانە دەکرێن.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە ، دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هەموو کارمەندانی دەستە کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوان و پڕ زانیارییە و خستنەڕووی ڕاستییەکان لە بارەی دۆخی سەختی ئەو ناوچانە، هەروەها سوپاس و پێزانینی بۆ خۆڕاگریی و لەخۆبردوویی و هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی کوردستانییانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەربڕی و دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک ، دەستبەرداری ئەو ناوچە کوردستانییانە نابێت و داوا دەکات لە سەر بنەمای دەستوور کێشە و پێشێلکاری و دۆخی ناخوازراوی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێت.
دواتر جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە سەرۆکی دەستە و هاوکارانی، پشتیوانی خۆی بۆ هێنانەکایەی نەخشەڕێگە و سیاسەتێکی نیشتیمانی و کوردستانییانە دەربڕی بۆ ناوچە کوردستانیەکان و کارکردنی جدیی لەسەر ئاستی دامەزراوەکانی هەرێم و فیدڕالیش بۆ بەجێگەیاندنی بەرپرسیارێتی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور و دەستبەجێ ڕاگرتنی هەموو ئەو هەنگاو و ڕێکارانەی ئێستا دەگیرێنەبەر لەو ناوچانە کە هیچ خزمەت بە گیانی پێکەوە ژیان لەو ناوچانە ناکات.
ئەنجومەنی وەزیران داوای کرد دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانە ئاسایی بکرێتەوە و کۆتایی بەو ڕەوش و دۆخە سەربازییە بهێنرێت کە بەسەر ئەو ناوچانە سەپێنراوە و هەموو پێشێلیکاریی و دەستدرێژییەک بۆ سەر هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە کۆتاییان پێ بێت و لە چوارچێوەی دەستوور و
بەتایبەتی ماددەی 140 كێشە و ناکۆکییەکان چارەسەر بکرێن.
لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران لیژنەیەکی باڵای وەزاریی پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە بە ڕەشنووسی نەخشەڕێگەی دەستەکە بۆ ناوچە کوردستانییەکان و دانانی پلانی جێبەجێکردنی بۆ ئەو نەخشەڕێگەیە و دۆسیەی خاک، کە لەکارە لەپێشینەکانی حکومەتە و داوای سەرەکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە و لەم پێناوەدا جەنگاوە و ئەرکی ئێمەیە بەردەوام بین لە داکۆکیکردن لەسەر ئەم ناوچانە و نابێت بە هۆی سیاسەتی سەرقاڵکردنی هەرێم بە بابەتەکانی دیکەوە، ئەم دۆسیەیە پشتگوێ بخرێت.
بڕگەی دووەم بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێک لەبارەی خشتەکانی هاوپێچی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2025-2024 کە لە کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ لەڕێکەوتی 2024/5/19
پەسەند کرا ئەمەش دوای کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هات لەگەڵ لیژنەی وەزاریی فیدراڵ تایبەت بە تەرخانکراوەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەم خشتانەوە، ڕاپۆرتەکە لەلایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و شاندی دانوستانکار خرایەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە شاندی هەرێم کە دواجار پێداچوونەوەی پێویستی لە سەر خشتەکانی تایبەت بە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ئەنجامدا بە ئاراستەی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لە هەمانکاتدا داوا لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنە کوردستانیەکان کرا کە بە یەک دەنگ داکۆکی لە ماف و شایستەکانی هەرێم بکەن لە خشتەکانی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 و 2025. ئەنجومەنی وەزیران، شاندی دانوستانکاریی هەرێمیشی ڕاسپارد لە هەماهەنگی پێویستدا بن لەگەڵ پەرلەمانتارانی کوردستانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی و مافە دەستووریی و شایستەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، چونکە هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێکردووە و لە دوا هەنگاویشدا ڕۆژی 2024/5/26 وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم بڕی 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دیناری بە نەقدیی خستە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ وەک بەشی گەنجینەی فیدڕاڵیی لە داهاتە نانەوتیەکانی هەرێمی کوردستان، کاری جدییش کراوە لەسەر ئاسانکاریی بۆ بە بانکیکردنی مووچەی هەرێم لە لایەن بانکی تی بی ئای وەک بانکێکی حکومی فیدڕاڵیی و داتا و زانیاریی پێویستی ژمارەیەک لە مووچەخۆرانی هەرێم ئاراستەی بانکەکە کراوە بۆ کردنەوەی حیسابی بانکیی بۆیان، هەروەها ڕاپۆرتی وردبینی لیستی مووچەی هێزەکانی ئاسایش و پێشمەرگە تەواوکراون و ئاراستەی حکومەتی فیدڕاڵ کران کە بەداخەوە زیاتر لە 50 ڕۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە سەرجەم وەزارەتەکان بەردەوام بن لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجکردنی مووچەی هەرێم و پێویستە لیستی مووچەخۆران و تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجی هەرێم بێ کەموکورتی و لە کاتی خۆیدا ، ڕەوانەی حکومەتی فیدڕاڵ بکرێت و لە بەرامبەریشدا، حکومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی دەستووریی خۆی بۆ ناردنی بەشی بودجەی هەرێم بەجێبگەیەنێت و چیتر مووچەخۆرانی هەرێم لە دڵەڕاوکێدا نەبن.
لە بڕگەی سێیەمدا، کوێستان محەمەد وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی ڕاپۆرتێکی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە تایبەت بوو بە برەودان بە سندوقی پشتیوانی پڕۆژە بچووکەکانی لاوان و پێشکەشکردنی ئاسانکاریی زیاتر کە ئەم سندوقە پاڵپشتی دارایی بۆ پڕۆژەی بچووک و مام ناوەند دابین دەکات لە چوارچێوەی پڕۆژەی (گەشانەوە) کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتە لە پێناو دابینکردنی قەرزی ئاسان بۆ کارخوازان.
ئەنجومەنی وەزیران وەک کارئاسانیی بۆ ئەو هاووڵاتیانەی کە سوودمەند بوون لە وەرگرتنی قەرزی بچووک لە ساڵانی پێشوودا، بڕیاریدا بە لێخۆشبوون لە ڕێژەی %20 لە کۆی گشتی بەرکەوتەکانی نەگەڕاوە ، دوای ئەوەی بەدواداچوون دەکرێت بۆ دۆسیەی ئەو سوودمەندانەی کە پڕۆژەکانیان سەرکەوتوو نەبووە بەهۆی هۆکاری بەدەر لە ویست و ئیرادەی خۆیان ،بۆ ئەوەی بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.
لە کۆتاییدا دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و ونیشتەجێکردن ، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە ڕێگەو بانە سەرەکییەکانی نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و کاریگەریی هاتووچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان و بەتایبەتیش ڕێگەوبانی نێوان هەولێر و سلێمانی خستەڕوو.
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی ڕاسپارد بە هەماهەنگی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و سکرتاریەتی ئەنجومەن و وەزارەتی دارایی وئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە بۆ پێداچونەوە بەم دۆسیەیە لە ڕووی یاسایی و گرێبەستی پڕۆژەکانی ڕێگەوبان و میکانیزم وڕێکاری پەلەکردن لە تەواوکردنی پڕۆژەکانی دووسایدکردنی ڕێگەوبانی نێوان شارە سەرەکییەکان بە تایبەتی لە نێوان هەولێر و سلێمانی.