سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ پارێزگار و یەکە کارگێڕی و ئیداری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی سنووری پارێزگەی هەولێر کۆبووەوە

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ئابی ٢٠٢٥، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و یەکە کارگێڕی و ئیداری و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگەی هەولێر کۆبووەوە.
لە چوارچێوەی فەرمانەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر خزمەتکردنی زیاتر بە پارێزگەی هەولێر و ڕایگەیاند کە؛ پێویستە ھەموو ھەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ خزمەتکردنی زیاتری ھاووڵاتییان و ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانیان لە دامودەزگەکاندا. ئاماژەی بەوەش دا کە خزمەتکردنی هاووڵاتییان ئەرکی لەپێشینەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە.
هەروەها سوپاسی پارێزگاری هەولێر و یەکە ئیداری و کارگێڕییەکان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کرد لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگەی هەولێر و دەوروبەری.
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پەرەپێدانی زیاتر بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگەی هەولێر، بە مەبەستی خزمەتکردنی زیاتری دانیشتووانەکەی.