سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لەگەڵ سەرپەرشتاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و یەکە کارگێڕییەکانی سنوورەکە کۆبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی ئابی ٢٠٢٥، د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، لەگەڵ گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و یەکە ئیداری و کارگێڕییەکانی سنووری ئیدارەکە کۆبووەوە.
لە چوارچێوەی فەرمانەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا وێڕای سوپاس بۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و یەکە ئیداری و کارگێریەکانی سنوورەکە لە خزمەتگەیاندن بە سنوورەکە، جەختی لەوە کردەوە؛ پێویستە هەوڵەکان چڕتربکرێنەوە لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا کێشە و گرفتەکانی سنووری ئیدارەکە تاووتوێ کران و جێبەجێکردنی پرۆژە و تەواوکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنوورەکە بە مەبەستی گەیاندنی خزمەتی زیاتر بە سنووری ئیدارەکە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.