Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە سەردانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ جزیرێ

سەردانی مێژووییی سەرۆک بارزانی بۆ پارێزگەی شڕناخ و دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپوزیومی مەلایێ جزیری و دەربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ پرۆسەی ئاشتی و ئەو پێشوازییە گەرمەی کە لەلایەن دامودەزگە فەرمییەکانی حکومەت و خەڵکی ناوچەکە لە بەڕێزیان کرا، جێگەی سوپاس و پێزانینە.

بەڵام دواتر لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاواز و نەخوازراو و دوور لە مەبەست هاتنە ئاراوە، کە دڵگرانی لێ کەوتەوە.

ئەوەی کە گرنگە ئەوەیە کە سەردەمێکی ناوازە لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئارادایە.

پرۆسەی ئاشتیش هەنگاوێکی دروستە لە چارەسەرکردنی پرسێکی گرنگ و هەستیار و دەستخۆشی لە حکومەت و حزبە دەسەڵاتدارەکانی تورکیا و هەموو لایەک دەکەین کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی و سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکەدا.

بە پێویستی دەزانین هەموو لایەکمان بە هاوکاریی یەکتر، هەوڵی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان بدەین و جەخت لە قووڵترکردنی پەیوەندییەکان و بەدیهێنانی ئاشتەوایی و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان و سەقامگیریی ناوچەکە بکەین.

حکومەتی هەرێمی کوردستان
2025/12/4