Skip to the content

ئەنجومەنی وەزیران دووپاتی دەکاتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە جێبەجێ کردووە بۆیە حکومەتی فیدراڵ پێویستە شایستە داراییەکانی هەرێم بە تەواوی بنێرێت

ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی کانوونی دووەمی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەسروربارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بە سەردانی شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و دیدار و کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای دیکەی ئەو وڵاتە کرد و ڕوونی کردەوە کە لە کۆبوونەوەکاندا، جیا لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە، جەخت لە ڕۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرایەوە، بە تایبەتی نەهێشتنی بەربەستەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا. هەروەها لە بارەی پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتيی سووریاش، جەخت لە پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان و ئاشتی و ئارامیی ئەو وڵاتە کرایەوە.  

لە بڕگەی یەکەمدا، لەلایەن ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران زانیاری لەبارەی بارودۆخی دارایيی ساڵی 2024 خرایەڕوو، کە پێشتریش وەزارەتی دارایی و ئابووری، ئەم زانیارییانەی لە چوارچێوەی ڕوونکردنەوەیەکدا بۆ ڕای گشتی خستبووە ڕوو، بەوەی سەرەڕای مافی دەستووری و بوونی تەرخانکراو لەناو خشتەکانی یاسای بودجەی عێراق و بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ خەرجکردنی شایستەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق و بەدوورگرتنی لە هەر ناکۆکی و کێشەیەکى نێوان هەردوولا، سەرەڕای بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆ ڕاسپاردنی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ بەردەوامبوون لەسەر خەرجکردنی مووچەی هەرێمی کوردستان تا کۆتایی ساڵی 2024، بەڵام حکومەتی فیدراڵ پابەند نەبوو بە خەرجکردنی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم کە لە کۆی تەرخانکراوی هەرێمی کوردستان بۆ مووچە بەپێی خشتەکانی تەرخانکراوی هەرێم لە بودجەی فیدراڵ کە بڕی (11) ترلیۆن و (576) ملیار دینارە، تەنها بڕی (10) ترلیۆن و (752) ملیار دیناری بە فیعلی خەرجکردووە، بۆیە حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆی خۆی، 960 ملیار دیناری خەرجکردووە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە، سەرەڕای ناردنی بەشی خەزێنەی فیدڕاڵی لە داهاتی ناوخۆی هەرێم و ئەوەشی لە داهاتی ناوخۆ ماوەتەوە بۆ خەرجیی بەکاربردن تایبەت بە خزمەتگوزارییە گشتیەکان و پڕۆژەکانی وەبەرهێنان خەرج کراوە بەو پێیەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ، جگە لەو بڕە پارەیە هیچ شایستەیەکی دیکەی هەرێمی خەرج نەکردووە لە تەرخانکراوەکانی دیکەی هەرێم وەک بودجەی بەکاربردن و بودجەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان.

دواتر لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، ڕاپۆرتێک لەبارەی ئیعتمادکردنی ژمارەی کەسیی بێهاوتای پرۆسەی تۆماری بایۆمەتری مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی فیدراڵ و ناردنی گشت زانیارییە داواکراوەکان بۆ بەغدا خستەڕوو، کە بەم هەنگاوەش، کۆتایی بە بیانووی حکومەتی فیدڕاڵ دێت سەبارەت بە بابەتی ژمارەی وەزیفی. لەمبارەیەوە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کرد، لە ئامادەکردنی سیستەمی پەیڕۆڵ و ژمارەی وەزیفيی مووچەخۆران.

بڕگەی کۆتایی کارنامەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆکردن بوو لەبارەی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی ناوەندیی خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم ناسراو بە (پڕۆژە سیستمی پەیڕۆڵ) کە قۆناخێکی پڕۆژەی بایۆمەترییە و ڕۆڵی وەزارەتەکان و یەکە ژمێریارییەکانیان لە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کە لە سەرەتای ساڵی 2025ــەوە خشتەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەی ئەلکترۆنی ئامادە دەکرێت و بەبێ کەموکوڕی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراقی فیدڕاڵ دەکرێت.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەرک و پابەندییەکانی خۆی بە تەواوی و بە باشترین شێوە، جێبەجێ کردووە و لە هەوڵەکانیشی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بەردەوامە بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و لەم ڕووەوە، چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵە تەواوکاریی شایستەی دارایی مووچەخۆران بۆ ساڵی 2024 بنێرێت، کە بەداخەوە بەهۆی ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی ئێستا لە مانگی 1ی ساڵی2025داين و مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەی مانگی 12 یان وەرگرتووە، بەڵام مووچەخۆرانی هەرێم، وەریان نەگرتووە، لە کاتێکدا وەزارەتی دارایی هەرێم، سەرجەم بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تەرازووی پێداچوونەوە و لیستەکانی مووچەی چارەسەرکردووە و لیستی مووچەی هەر سێ مانگەکەشی بە تەواوی و بەبێ کەموکوڕی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ ناردووە.