ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر لەیەکترتێگەیشتنی نوێی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکان دا

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی تەممووزی 2025، بە سەرپەرشتيی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، ئەنجومەنی وەزیران بە توندترین شێوە، هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هەرێمی کوردستان و بە تایبەتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمى شەرمەزار کرد، کە زیانێکی زۆری ماددیان بە پرۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت گەیاندووە و ئامانجی ئەم هێرشانە، لێدانە لە ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات کە ئەرکی خۆی بەجێ بگەیەنێت، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت و ڕێکاری یاساییش بەرانبەر ئەو تێکدەرانە بگیرێتە بەر.
پاشان ئەنجومەنی وەزیران، گفتوگۆی لەبارەی تەوەر و بابەتی کۆبوونەوەکە کرد، کە تایبەت بوو بە تاووتوێکردنی بارودۆخی دارایيی هەرێمی کوردستان و ڕێڕەوی دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، سەبارەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران، وردەکاريی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە خستەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە کرد و بڕیاری دا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لەیەکترتێگەیشتنە، کە بڕیارە لە بەرانبەردا حکومەتی فیدراڵ، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.