Skip to the content

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە سەرۆکی ئەنجومەن و شاندی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا کرد

ڕۆژی دووشەممە ٨ـی ئەیلوولی ٢٠٢٥ د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە ستیڤ لۆتس، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانیی ئەمەریکا - عێراق و جێگری سەرۆکی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و شاندی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا کرد، کە لە زیاتر لە ٣٠ کۆمپانیای ئەمەریکایی پێکهاتبوون.

لە دیدارەکەدا کە تریفە عەزیز، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا ئامادەی بوو، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی پرۆسەی چاکسازی و بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگە حکومییەکان و پێشبردنی ئاستی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنان و ئەنجامدانی کار و پرۆژەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەمدا.

لە بەشێکی دیدارەکەدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرا.

هەر لە دیدارەکەدا پشتیوانیی تەواو بۆ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان لە بوارەکانی وەبەرهێنان نیشان درایەوە و جەخت لەوە کرایەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرگەی بۆ کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان واڵایە بە تایبەت کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان.

شاندی ژووری بازرگانیی ئەمەریکا خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بەم کار و هەنگاوانەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی کە ساڵانە ئەنجامی دەدەن بۆ هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمیی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا.