قوباد تاڵەبانی قەزای سەید سادقی بەسەركردەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستخۆشی لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی قەزای سەید سادقی كرد لە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئاماژەی بەوەكرد قۆناغی باشمان بڕیوە، بەڵام پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە دەبێت بەردەوام بین لە جێبەجێ كردنی رێنماییەكان چونكە تا ئێستاش ڤایرۆسەكە هەر ماوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران رۆژی سێشەممە ٢١ نیسانی ٢٠٢٠، بە یاوەری وەزیرانی رۆشنبیری و تەندروستی قەزای سەید سادقی بەسەركردەوە و لە دیوانی قایمقامیەت لەلایەن پارێزگاری سلێمانی د. هەڤاڵ ئەبوبەكر و قایمقامی سەید سادق دیاری رەفیق و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی ئیدارەی قەزاكە پێشوازی لێكرا.
لە كۆبوونەوەیەكدا جێگری سەرۆك وەزیران هەوڵ و شەونخونی لایەنە پەیوەندیدارەكانی قەزای سەید سادق و پارێزگاری سلێمانی بەرز نرخاند بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەماوەی رابردوودا كە بووە هۆی رەواندنەوەی بەشی زۆری ئەو مەترسیانەی كە هەبوون، هەروەها، ئاماژەی بەوەكرد لەبەر ئەوەی ڤایرۆسەكە هەر ماوەو هێشتا چارەسەر و پێكوتەش بەردەست نییە، گرنگە لەگەڵ ئاساییبونەوەی هەنگاو بەهەنگاوی ژیاندا خۆپارێزی و چاوكراوەیی لەئاست نەخۆشییەكە بەردەوام بێت.
لەلای خۆشییەوە قایمقامی سەید سادق سوپاسی بەسەركردنەوەی قوباد تاڵەبانی كرد کە هەمیشە هاوكار و پاڵپشتیان بووە بۆ راپەڕاندنی كاروبارەكانیان.
بەستەرە پەیوەندیدارەکان
ڤایرۆسی كۆرۆنا