لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی کۆبووە و چەند بڕیارێکیدا
•لە كۆبوونەوەكەدا سوپاسی هاوڵاتیان کرا لەپای پابەندبوونیان بە رێنماییەکان و ستایشی وەزارەت و کارمەندانی جێبەجێکاری بڕیارەکان کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی دووشەممە ٦ نیسانی ٢٠٢٠ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە رێگەی ڤیدیۆ كۆنفراسەوە، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای لە ھەرێمی كوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوا رێکار و ئامادەکارییەکانی قۆناغی داھاتووی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان كرا، هەروەها هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.
جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ستایشی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارە جێبەجێكارەكانی پلانی پاراستنی ھاوڵاتیانی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا كرد، ھەروەھا سوپاسی خەڵكی كوردستانیشی كرد لەبەر پابەند بوونیان بە رێنماییەكان و ئاماژەی بەوەدا كە ئەركی حكومەتە پێش ھەموو شتێك ژیانی ھاوڵاتیانی بپارێزێت و ئەم پلانانەی حكومەتیش هەر بۆ ئەو مەبەست و ئامانجەیە.
دواتر وەزیری تەندروستی راپۆرتێکی لەبارەی دواپێشهاتەکانی بڵاوبوونەوەو ئامارەکانی تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان پێشکەش کرد، هەروەها ئاماژەی بە پلانەکانی وەزارەتی تەندروستی كرد بۆ قۆناغی داهاتوو و پێداویستییەکانی خستەڕوو بۆ ئەوەی پلانەکانیان بە باشترین شێواز جێبەجێ بکەن.
پاش گفتوگۆیەکی وورد لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئەم بڕیارانە دران:
١- بڕیاری پێشووی قەدەغەی ٤٨ كاتژمێری هاتووچۆی تەواو تا کاتژمێر ١٢ ئەمشەو بەردەوام دەبێت.
٢- بۆ ڕێکخستنەوەی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ کە تا ١٠/٤/٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت ڕاگەیاندراوی نوێ لە لایەن وەزارەتی ناوخۆ وپارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان دەردەچێت بۆ دابینکردنی پێداویستی ڕۆژانەی ھاوڵاتیان لە ڕێگای ڕێکاری نوێ و دیارکردنی کات وشێوازی کارکردنیان بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندروستیەکانی خۆپارێزیی وتایبەتمەندیی یەکە کارگێڕییەکان بەو شێوەیەی لە لایەن بەڕێز وەزیری ناوخۆ لە کۆبونەوەکەدا خرایە ڕوو
٣- کاتێک دیاری بکرێت بۆ رێزگرتن لە فەرمانبەران و کارمەندانی ماندوونەناس کە خزمەتی هاوڵاتییان دەکەن و ژیانیان دەپارێزن، دواتر شێوازی رێزگرتنەکە دیاری دەکرێت.
٤- سوپاسی هاوڵاتیان دەکرێت لەپای پابەندبوونیان بە رێنماییەکان، هەروەها ستایشی وەزارەت و کارمەندانی جێبەجێکاری بڕیارەکان کرا.
٥- وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە جێبەجێکردنی رێکار و رێنماییەکان، راسپێردران کە راپۆرتی خۆیان ئامادە بکەن بۆ قۆناغەکانی داهاتوو، بە ڕچاوکردنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتیان.
٦- وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوی پەلاماردانی پزیشكێك لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی لەو حاڵەتە بگیرێتە بەر.
بەستەرە پەیوەندیدارەکان
ڤایرۆسی كۆرۆنا