قوباد تاڵەبانی لەگەڵ یونامی و تەندروستی جیهانی رەوشی كۆرۆنایان تاوتوێ كرد
• قوباد تاڵەبانی سوپاسی هاوكاری نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوی تەندروستی جیهانی كرد بەرامبەر هاوكارییەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا.
• قوباد تاڵەبانی پابەندیی هەرێمی كوردستانی بە رێنماییە زانستی و تەندروستییەكان دووپات كردەوە تا گەیشتن بەدڵنیایی و كەناری ئارام.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەرانی سكرتێری گشتی UN و نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی WHO ڕەوشی تەندروستی هەرێمی كوردستان و دوا پێشهاتەكانی نەخۆشی كۆرۆنایان لە هەرێم و عێراق و جیهان تاوتوێ كرد.
لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، رۆژی ٢٦ نیسانی ٢٠٢٠ هەر یەك لە؛ جنین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ عێراق و د. ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) رەزامەندی و ستایشی خۆیان نیشاندا بەرامبەر رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان.
شاندی میوان ئەوەشیان بۆ جێگری سەرۆك وەزیران روونكردەوە کە ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی جیاوازی جۆرەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاون لە عێراق و كوردستان و كیشوەری ئەوروپا، هیچ بنەمایەكی زانستی و بەڵگەداریان نییە. ئاماژەیان بەوەشدا جیاوازی بارودۆخی وڵاتان بەهۆی نەخۆشییەكەوە، تەنها پەیوەستە بە رێكارەكانی خۆپارێزی و خێرایی لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان لە رێگای رێوشوێنەكانی كەرەنتین و دابڕینی كۆمەڵایەتی و پەیڕەوكردنی رێنماییە تەندروستییەكان.
شاندەكە ئامادەیی هەموو هاوكارییەكیان بۆ هەرێمی كوردستان خستەڕوو لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكانی كۆرۆنا. لە بەرامبەریشدا قوباد تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی پێشكەش كردن بۆ هاوكارییەکانیان، هەروەها جەختیكردەوە لە سەرەتای گەیشتنی ڤایرۆسەكەوە بۆ كوردستان، پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و تەندروستی خەڵك لە پێشەنگی گرنگیدانی حكومەتی هەرێم بووە، ئێستاش لەبەر رۆشنایی پێشهاتە زانستییەكان و بەپێی ستانداردە جیهانییەكان هەموو توانایەك دەخاتەگەڕ تا گەیشتن بەدڵنیایی و كەناری ئارام.
بەستەرە پەیوەندیدارەکان
ڤایرۆسی كۆرۆنا