لیژنەی باڵای رووبەرووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە
• بڕیاری پشووی فەرمی لە دامودەزگاکانی حکومەت جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش وئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی درا
• دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێم لە ئێرانەوە بۆ ناو هەرێم رۆژی ١٥ ئادار دەبێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی دووشەممە ٩ ئاداری ٢٠٢٠، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، لە هەولیر بە ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا-ی لە ھەرێمی كوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوا رێکار و ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.
جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە سەرەتای کۆبوونەوەکە ستایشی وەزیرانیی ناوخۆ، تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دیکەی کرد لەدانانی پلان و هەنگاوەکانی پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاوڵاتییان و رایسپاردن بەردەوام بن و ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە هەماهەنگی لەنێوان گشت وەزارەت و دامودەزگاکاندا هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر کۆنتڕۆڵی بارودۆخەکە بکرێت.
دواتر هەردوو وەزیری ناوخۆ و تەندروستی راپۆرتی خۆیان سەبارەت بە هەنگاوەکانیان
بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پلانی داهاتوویان خستەڕوو.
کۆبوونەوە جەختی لە گرنگیی بەردەوام بوون لەسەر جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی پێشوو کردەوە کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکرابوون وەک کەمکردنەوەی قەڕەبالغی و سنوردار کردنی هاتووچۆی نێوان شارەکان و راگرتنی پاکوخاوێنی و پەیوەندیکردن بە بنکەکانی دیاریکراو لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێک کە گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای لێدەکرێت. ئەم رینمایی و راسپاردە و بڕیارانە تەنها بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانە لە تووشبوون بەم ڤایرۆسە.
پاش گفتوگۆ کردن لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنەڕووی پێشنیارەکان، بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریدا:
١. لە سەرجەم وەزارەت وفەرمانگە و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان (جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە، ئاسایش و ئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی) لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/٣/١٢ تا رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/٣/٢٦ دەبێتە پشووی فەرمی و (رۆژانی ٢٨- ٢٠٢٠/٣/٢٧ پشووی کۆتایی ھەفتانەیە) و رۆژی یەکشەممە ٢٠٢٠/٣/٢٩ دەوامی فەرمی دەستپێدەکاتەوە.
٢. لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ئەھلی) رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٣/٢٨ پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە. پرۆسەی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی ٢٠٢٠/٤/١ دەستپێدەکاتەوە.
۳. وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییە فریاگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان لە رێگای پیادەکردنی ئێشکگریی.
٤. وەزارەتە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی لە ڕیگای ئێشکگریی و بۆ ئەو مەبەستەش رێنمایی پێویست دەردەکەن.
٥- دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ناو هەرێم رۆژی ٢٠٢٠/٣/١٥ دەبێت و لە ٢٠٢٠/٣/١٦ تا رۆژی ٢٠٢٠/٤/١ رێگە نادرێت بە هاتنەوەی هاوڵاتییان لە ئێرانەوە. بەڕەچاوکردنی بەردەوامبوونی جموجۆڵی بازرگانی بەپێی رێنماییە بەرکارەکان.
٦- تەرخانکردنی قۆناغی دووەمی بوودجە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
٧- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راسپێردرا بۆ بەردەوامبوون لەسەر رێکارەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی رووبەڕوو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
٨- راسپاردنی وەزیری داد بۆ چالاککردنی داواکاری گشتی بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەس و لایەن و کەناڵە میدیاییانەی کە پێچەوانەی رێنماییەکان و سیاسەتی حکومەت کاردەکەن و دەبنە هۆی پشێوی.
٩- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری یەکە ئیدارییە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامییەت بۆ رێکخستنەوە و چاودێری کردنی بازاڕی ناوخۆیی.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە پێویستە هەموو لایەک پابەند بن بە بڕیار و راسپاردەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت باشتر رێگری و بەر بگیرێت لە زیاتر تەشەنەسەندنی ئەو ڤایرۆسە.
بەستەرە پەیوەندیدارەکان
ڤایرۆسی كۆرۆنا