ئاوات جەناب نوری: هەرێمی کوردستان لەگەڵ چارەسەری کێشەکانە بەپێی دەستور
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی خۆی بۆ هاوکاری و هەماهەنگی کۆمپانیا بیانییەکان دوپات دەکاتەوە و دەڵێت هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکان.
ڕۆژی سێشەممە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٣، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی کەنەدا کرد کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی پارتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە.
لە دیدارێکدا وەزیری دارایی خۆشحاڵی خۆی بەسەردانی شاندەکە دەربڕی و ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی لەبارە بۆ کۆمپانیا بیانییەکان تا وەبەرهێنان لە کەرتە جیاوازەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریدا بکەن و ئامادەیی و پشتیوانی وەزارەتی بۆ هەموو جۆرە هاوکاری و هەماهەنگیەک لەوڕوەوە دەربڕی.
ڕونیشیکردەوە کە یاسای وەبەرهێنان کارئاسانی تەواوی کردووە لەو بارەیەوە، هەر لە دابین کردنی زەوی تا لێخۆشبوون و لەباج و گومرگ.
لای خۆشیانەوە شاندی پەرلەمانی کەنەدا خۆشحاڵی خۆیان بەسەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ڕایانگەیاند، دەیانەوێت هاوکاربن بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندی بازرگانی و هاریکاری ئابووری لەنێوان کەنەداو هەرێمی کوردستان، هیواشیان خواست کێشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بەزوترین کات چارەسەر بکرێت.
هەر لە دیدارەکەدا وەزیری دارای و ئابووری کورتەیەکی لەسەر ئەو چاکسازیانە بۆ شاندی پەرلەمانی کەنەدا خستەڕوو کە لە سەرەتای ئەم کابینەیە لەبواری باج و گومرگ و بانک و سێکتەرە جیاوازەکان ئەنجامیانداوە لەڕێی بەئەلکترۆنیکردنی سیستەمی خەرجی و چەند سێکتەرێکی تر توانیویانە خەرجی ناپێویست کەمبکەنەوەو خزمەگوزاری زیاتر پێشکەش بەهاوڵاتیان بکەن.
لەبارەی پەیوەندیەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاوات جەناب نوری، ڕونیکردەوە سیاسەتی کابینەی نۆیەم سفرکردنەوەی کێشەکان بووە لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور، لەو چوارچێوەیەشدا چەندین ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە، بەڵام دواتر بەهۆی پابەند نەبوونی حکومەتی فیدراڵی ڕێکەوتنەکان جێبەجێ نەکراون.
راشیگەیاند، ئەگەر یاسای بودجەی فیدراڵی وەک خۆی جێبەجێبکرێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشێکی زۆر لە کێشەکانی چارەسەر بکات.
ڕونیشیکردەوە چەندین هەوڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە ئارادایە بۆ چارەسەری کێشەکان و داوای لەشاندی پەرلەمانی کەنەداش کرد ڕۆڵی خۆیان لەو بارەیەوە ببینن.