Skip to the content

لە ڕۆژى ئاڵادا، لە وەزارەتى خوێندنى باڵا مەراسیمێک بەڕێوەچو

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- لە رۆژى ئاڵاى کوردستان، ئەمڕۆ 17ی كانونی یەكەم (دیسەمبەر)ی 2020 لە دیوانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مەراسیمێک بەڕێوەچو .

مەراسیمەکە کە بەئامادەبونى ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکانى وەزارەت و سەرجەم بەڕێوەبەرەکان و فەرمانبەرانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەڕێوەچو، بەهەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەلایەن د. نەژدەت ئاکرەیى بەڕێوەبەرى گشتى توێژینەوەو پەرەپێدان لە گۆڕەپانى وەزارەت مەراسیمەکە دەستى پێکرد.

لەمیانى پێشکەش کردنى وتەیەکیشدا ڕایگەیاند: ئەمرۆ ڕۆژێکى پیرۆزە لە مێژوى گەلەکەمان، بۆ یەکەم جار لە مێژوداو لەشارى مەهاباد ئاڵاى پیرۆزى کوردستان هەڵکرا، وتیشى: ئێمە ئەمڕۆ هەمومان ڕاوەستاوین بۆ بەرز ڕاگرتنى ئەم ئاڵایە وگەلى کورد لەپێناو بەرز ڕاگرتنى ئەو ئاڵایە دەیان هەزار شەهیدو ئەنفالى لەمێژوى ڕزگارى خوزاى گەلەکەمان بەخشیوەو هەمیشەش گیانفیدا بوە لەپێناو پاراستنى ئاڵاى کوردستان.

د. نەژدەت ئاکرەیى دوپاتیشیکردەوە ئێمە میللەتێکى زیندوین و لەسایەى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان دەیان دەستکەوتمان بەدەستهێناوەو کارمانە لەژێر پەرچەمى ئەم ئاڵایە خزمەتى زیاتر پێشکەش بکەین، ئەوەشى ڕاگەیاند: گەلى کورد خاوەنى مێژویەکى درەوشایەو هەمیشەش ڕۆڵەکانى لەپێناو خاک و ئاڵاى کوردستان ئامادەى گیانبازى و قوربانیدان بوونە.