وەزارەتى خوێندنى باڵا: (731) خوێندکارانى کەرکوک و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم لە زانکۆکانى هەرێمی كوردستان وەرگیران
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- بەئامانجى کارئاسانیکردن بۆ خوێندکارانى کەرکوک و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، بڕیاردرا وەک ساڵانى پێشوو سەرجەم خوێندکارى کەرکوک و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەى ئیدارەى هەرێم کە ژمارەیان (731) خوێندکارە لە زانکۆکانى هەرێمى كوردستان وەربگیرێن.
لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دوپاتیکردەوە: ماوەى چەند ساڵێکە وەزارەتەکەمان لەسەر ڕاسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کارئاسانى تەواوى کردوە بۆ وەرگرتنى خوێندکارانى کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بەتایبەت ئەو خوێندکارانەى لە خوێندنگە کوردییەکان دەخوێنن بۆ وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێم.
بۆ ئەم ساڵى خوێندنى (2020-2021) وەزارەتەکەمان بڕیاریداوە لەسەر وەرگرتنى سەرجەم خوێندکارانى شارى کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم لەزانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان کۆنمرەى وەرگیراوى خوێندکارانى هەرێم بۆ ساڵى خوێدنى (2020-2021).
بەپێى هەردو فەرمانی وەزاری ژمارە (14171) و (14172)، كە لە ڕێكەوتی (9/12/2020) بە ئیمزای خالید شوانی وەزیری خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی بەوەكالەت دەرچوە وئاراستەی زانكۆكان كراوە سەرجەم خوازیاران کە ژمارەیان (731) خوێندکارە وەرگیراون.
بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وێڕاى پیرۆزباى لە دەرچوان و هیواى سەرکەوتن لە قۆناغى خوێندنى زانکۆیى، ئاگادارى پێشکەشکاران دەکات سەردانى نوسینگەى کەرکوک-ى وەزارەت بکەن بۆ ڕێوشوێنەکانى چۆنیەتى دەستپێکردنى مامەڵەى وەرگرتن.