Skip to the content

تەنها (50%) پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان پڕبۆتەوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەنجامى وەرگرتنى دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان لە سەعات (8:30)ى ئەمشەو رادەگەیەنرێت، کە (14,394) قوتابى/خوێندکار لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان وەرگیراون کە ئەمەش دەکاتە ڕێژەى تەنها(50%)ى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان.

ڕاگەیاندنى ئەنجامى وەرگرتنى قوتابیان/ خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان هاوکاتە لەگەڵ بڕیارى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستى تایبەت بە کەمکردنەوەى کرێى خوێندن لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانى هەرێمی کوردستان بەڕێژەى (10 بۆ 20%) ئەمەش لە پێناو لەبەر چاوگرتنى بارى دارایى هاوڵاتیانى هەرێمى کوردستان، بەم شێوەیە:

- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى B بریتین لە زانکۆکانى (تیشکى نێودەوڵەتى –جیهانى هەولێر – گەشەپێدانى مرۆیى – نەورۆز – کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا) بەڕێژەى (10%) کرێى خوێندنیانکەمدەکرێتەوە.

- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى C بریتین لە زانکۆکانى (جیهانى سلێمانى – لوبنانى فەرەنسى – نۆولیج – جیهانى دهۆک) بەڕێژەى (15%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

- ئەو زانکۆیانەى دەکەونە گروپى D بریتین لە زانکۆکانى (کاسۆلیک – هەولێرى نێودەوڵەتى - بەیان) بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

- سەرجەم پەیمانگە تایبەتەکان و کۆلێژە زانکۆییەکان بەڕێژەى (20%) کرێى خوێندنیان کەمدەکرێتەوە.

پێشکەشکارانى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان دەتوانن بە کلیک کردن لەسەر لینکى (mhe-privatestudy.com) ئەنجامى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگرنەوە، هەروەها پێویستە وەرگیراوان لەماوەى سێ ڕۆژدا پەیوەندى بە شوێنى وەرگرتنیان بکەن، ئەگینا بە پێچەوانەوە مافى وەرگرتنیان لەو بەشە نامێنێت.