وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان ڕەتدەکاتەوە
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- دوابەدوای هەڵسەنگاندنی هەمەلایەنەی (یاسای بنەماکانی یەکسانکردنی بڕوانامەکان) کە لە ٢٨/١٠/٢٠٢٠ لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عراق دەنگی لەسەر درا، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەرۆکی ئەو یاسایە ڕەتدەکاتەوەو پشتیوانی لە هەڵوێستی وەزارەتی خوێندنی باڵای حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی ئەکادیمی عیراق و کوردستان دەکات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ناوەرۆکی ئەم یاسایە پێچەوانەی بەهاو بنەما زانستییە ڕەسەنەکانی یەکسانکردنی ئەو بڕوانامانەیە کە لەدەرەوەی وڵات بەدەست دەهێنرێن، لەم یاسایەدا کۆمەڵێک پێوەری زانستی گرنگ لە پرۆسەی یەکسانکردنی بڕوانامەکان فەرامۆش کراوە، کە زیانی گەورە بە ئاست و ناو و ناوبانگی پرۆسەی خوێندنی باڵاو بەهاو پیرۆزییەکانی بڕوانامەی زانستی دەگەیەنێت و پێچەوانەی بنەماکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، سەرباری ئەمانەش یاساکە بەبێ ڕەچاوکردنی ڕاو و تێبینیەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان تێپەڕێنراوە.
بۆیە بەناوی وەزارەتی خویندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە بەڕێز فەخامەتی سەرۆک کۆماری عیراقی فیدراڵ دەکەین کە ئەم یاسایە بەم فۆرمەی ئێستا پەسەند نەکات.
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
حکومەتى هەرێمى کوردستان
٢/١١/٢٠٢٠