Skip to the content

ئەمساڵ وەزارەتى خوێندنى باڵا کورسى پێویستى بۆ (١٠٠%)ى دەرچوان دابینکردوە

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- بۆ یەکەمجار لەمێژوى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) زۆرترین ڕێژەى پلانى وەرگرتن بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى لە زانکۆ و پەیمانگەکان تەرخاندەکات. بۆ ئەمەش لە ئێستادا (٨٧%) دەرچوان لە زانكۆ و پەیمانگەکان وەرگیراون، بە پڕکردنەوەى کورسیە بەتاڵەکانیش ڕێژەى وەرگرتن دەبێتە (١٠٠%).

ئەمڕۆ ١ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی ٢٠٢٠ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا د. خەتاب شێخانى بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بە وەکالەت و ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن، وردەکارى و داتاى وەرگیراوانى لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان لەهەرێمى کوردستان بۆ ساڵى نوێى خوێندن ڕاگەیاند.

لەدەسپێکدا د. خەتاب پیرۆزباى لەدەرچوانى پۆلى دوانزە کردو ڕایگەیاند خوێندکاران سەرمایەى مرۆیى گرنگى ئەم هەرێمەن و ئێمە وەک وەزارەت تەواوى ئامادەکارى و پشتیوانیان دەبین بۆ سەرکەوتنیان لەپرۆسەى خوێندن.

لەبارەى دواکەوتنى ڕاگەیاندنى ناوى دەرچوان ئاماژەی بەوە كرد ، پڕۆسەكە وردو تەکنیکیە، لەلایەکى دیکەشەوە ئەمساڵ لە بارودۆخێکى تەواو جیاواز هەم تاقیکردنەوەکان هەمیش پرۆسەى خوێندن بەڕێوەچو ئەویش بەهۆى بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆناو ڕاگرتنى پرۆسەى خوێندن لە بەشێکى ساڵى ڕابردو لە ناوەندەکانى خوێندن، لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزارەتى پەروەردە لەسەر هێڵ بوو.

لەبارەى پلانى وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان، د. خەتاب ئەوەی خستەڕوو لەسەر راسپاردەى وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بەمەبەستى ڕەخساندنى زۆرترین دەرفەتى خوێندن و زیادکردنى کورسى خوێندن بۆ دەرچوان، چەند جارێک پلانى وەرگرتن بۆ دەرچوان زیادکرا، لەو پێناوەشدا بۆ یەکەمجارە لە مێژوى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان پلانى وەرگرتن بۆ (٥٦٨٠٤) کورسى زیادکرا، ئامانج لە زیادکردنى پلانیش رەخساندنى زۆرترین دەرفەت بو بۆ پێشکەشکاران.

بۆ ئەمەش ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، دواى ڕاگەیاندنى زانکۆلاین بۆ دەرچوانى دوانزەى ئامادەیى (٥٤٣٩٦) دەرچو داواکاریان پێشکەشکرد جگە لەوەش (٥٣٠٢) دەرچوى ساڵانى ڕابردوش داواکارییان پێشکەشکرد. لەئەنجامدا (٤٧١٧٦) دەرچو کە دەکاتە ڕێژەى (٨٧%) لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەرگیران لە ئێستادا.

ئاشكراشی كرد (٧١١٨) دەرچو بەهۆى هەڵە پڕکردنەوەو هەڵنەبژاردنى شوێنى گونجاو لەگەڵ نمرەکانیان لە قۆناغى یەکەمدا وەرنەگیراوان کە ڕێژەکەیان بریتیە لە (١٣%). لەهەمان کاتیشدا (٨١١٩) کورسى بەتاڵ ماوتەوە، بۆیە ئەم ژمارەى کە وەرنەگیراوە لە ڕێگەى سیستمەکەوە دەتوانن یەکێک لەو بەشانە هەڵبژێرن کە کورسى بەتاڵى هەیە، ئەمەش لە ڕێگەى پرۆسەى سکاڵا و وێبسایتى ڕێگەى زانکۆ دەبێت کە لەڕۆژى سێشەمەوە کارا دەکرێت، کاتێک پێشەکەشکارەکە بەهەمان یوزەرنەیم و پاسۆرد دەچێتە نێو سیستەمەکە ئەوا سیستەمەکە بەشێوەیەکى ئۆتۆماتیکى کورسەیە بەتاڵەکان دەخاتە بەردەست کە مافى وەرگرتنى تێدایە، دواى تەواوبونى ئەم پرۆسانە ڕێژەى وەرگرتن هاوشێوەى ساڵى ڕابردو دەبێتە (١٠٠%).

سەبارەت بە وەرگیراوان بەپێى سیستمەکانى وەرگرتن، لە خوێندنى گشتى (بەخۆرایى)، پارالێل، ئێواران، بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، (٦٥%) وەرگیراوان بریتین لە خوێندنى گشتى واتە بەخۆڕایى، (١٧%)ى بریتین لە وەرگیراوانى پارالێل، (١٨%)ى بریتین لە وەرگیراوانى ئێواران.

هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا د. خەتاب شێخانى ئاماژەى بۆ ئەوە کرد، (٥٣٠٢) پێشکەشکارى ساڵانى ڕابردوش داواکارییان پێشکەش کردوە بۆ وەرگرتن، لە ئەنجامدا (٢٣١٨) پێشکەشکار بۆ ئەمساڵى خوێندن وەرگیراون، بەمەش کۆى وەرگیراوان بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٠-٢٠٢١) لە ئێستادا بریتیە لە (٤٩٤٩٦) وەرگیراو لە زانکۆو پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان.

لە بەشێکى دیکەى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بەڕێوەبەرى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون بە وەکالەت ئاماژەى بۆ ئەوە کرد سەرەڕاى وەرگرتنى ئەم ژمارە لە دەرچوان لە زانکۆ و پەیمانگەکان، بەشێکى تر لە دەرچوان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بە ڕێگەو میکانیزى جیاوازتر وەردەگیرێن کە بریتیتن لە: (سیستمى پۆلیتەکنیک، پێشکەشکارانى کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێمى کوردستان، خوێندنگە نێودەوڵەتیەکان، یەکەمى پەیمانگەکان، دەرچوانى ئامادەییە پیشەییەکان). بەم پێیەش ژمارەى وەرگیراوانى ئێستا کە بریتیە لە (٤٩٤٩٦) ژمارەکە زیاد دەبێت بۆ سەرو ٥٠ هەزار وەرگیراو.

د.خەتاب دەرچوانى پۆلى ١٢ ی ئامادەیی ئاگادار كرد، كه‌ ئێوارەى ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (١/١١/٢٠٢٠)، لە سەعات (٤) بەدواوە لە ڕێگەی وێب سایتی ئەلیكترۆنی (www.regayzanko.com) بە بەكارهێنانی هەمان ناوى بەکارهێنەرو وشەى تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) كە پێشتر فۆرمەکانیان پێ‌ بڕكردبوە دەتوانن ئەو شوێنە بدۆزنەوە كە لێیی وەرگیراون.

لەبارەى پێشکەشکردنى سکاڵا، د.خەتاب ڕونی كردەوە ئەو دەرچوانەى سکاڵایان هەیە بەهەمان پاسۆرد و یوزەرنەیمەوە دەچنە ناو سیستمەکەو دەتوانن سکاڵا پێشکەش بکەن تاکو کۆتاى ئەم هەفتەیە پێشکەشکردنى سکاڵا بەردەوام دەبێت. بۆ ئەوانەشى وەرنەگیراون سکاڵا لە ڕۆژى سێشەمەوە بۆ وەرنەگیراوان کارا دەبێت و دەتوانن سکاڵا و داواکارى بۆ کورسیە بەتاڵەکان پێشکەش بکەن.

سەبارەت بە پەیوەندى کردن بە زانکۆکان، ئارام ئیبراهیم بەڕێوەبەرى ناوەندى وەرگرتن ئاماژەی بەوە كرد وەرگیراوان بە جێبەجێکردنى ڕێککارە تەندروستیەکان لە سبەینێ وە خۆیان لە زانکۆکان تۆمار بکەن، کە تاکو (١٥/١١/٢٠٢٠) بەردەوام دەبێت، بۆیە دواى ڕاگەیاندنى ناوەکان پێویست ناکات هیچ وەرگیراوێک سەردانى وەزارەت بکات بەڵکو بۆ هەر پرسیار و مامەڵەیەک سەردانى تۆمارى گشتى زانکۆکان بکەن، ئەویش بە جێبەجێکردنى ڕێنماییە تەندروستییەکان بۆ پاراستنى گیان و سەلامەتى سەرجەم دەرچوان.

لە کۆتايى کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا، خەتاب شێخانى بەناوى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى ئەنجومەنى وەزارەت و سەرجەم سەرۆک زانکۆکانى کوردستان و مامۆستایانى کرد بۆ هەوڵە بەردەوامەکانیان و هاوکاریان بۆ وەزارەت بەمەبەستى دابینکردنى زۆرترین ژمارەى کورسى بۆ دەرچوان، هەروەک سوپاسى ناوەندى وەرگرتنى لە دیوانى وەزارەت کرد بۆ هەوڵەکانیان لەم ماوەیەدا بۆ وەرگرتنى دەرچوان.