خوێندن بە سیستمى ئاوێتە لە زانکۆکانى دهۆک بەسەرکەوتویی بەڕێوەدەچێت
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)-وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە سەردانى بۆ زانکۆى دهۆک لە مەراسیمێکدا کۆلێژى زانستە سیاسیەکانى کردەوەو لەنزیکەوەش لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندن بە سیستمى ئاوێتە ئاشنا بو، لە میانى کۆبونەوەیەکیشدا بڕوانامەى ڕێزلێنانى بەخشیە د. موئەیەد ئاغالی میرزا سەرپەرشتیارى روبەروبونەوەى کۆرۆنا لە پارێزگاى دهۆک.
لە چوارچێوەى سەردانە مەیدانییەکانى بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربون لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندن، ئەمڕۆ 8ی تشرینی دووەم (نۆڤەمبەر)ی 2020، د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە میانى سەردانى بۆ زانکۆى دهۆک لەگەڵ د. موسلیح دهۆکى سەرۆکى زانکۆ و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت، تۆمارى گشتى زانکۆى دهۆکى بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لەگەڵ دەرچوانى ئەمساڵى زانکۆ و پەیمانگەکان گفتوگۆى کردو گوێى لە پێشنیاز و بۆچونەکانیان گرت، هەروەک لە نزیکیشەوە لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندنى ئاوێتە لەم زانکۆیەو داواکارى و پێشنیازى مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران گفتوگۆى کرد.
دواتریش لە ڕێورەسمێکدا بە ئامادەبونى ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستایان، بڕوانامەى ڕێزلێنانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەلایەن د. ئارامەوە پێشکەش بە د. موئەیەد ئاغالی میرزا کرا.
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هیواى سەرکەوتن و بەردەوامى بۆ خواست و ڕایگەیاند د. موئەیەد وەک ڕاگرى کۆلێژى دەرمانسازى لە زانکـۆى دهۆک و هەروەها سەرپەرشتیارى ڕوبەڕوبونەوەى کـۆڤید-19 (ڤـایرۆسى کۆرۆنا) لەو پارێزگایە رۆڵێکى کاریگەرو باڵا دەگێڕێت، بەتایبەت رۆڵیان لەهۆشیارکردنەوەى هـاوڵاتیان و خزمەتکردن بە گەل و وڵات وەک سەربازێکى ون، بۆ ئەمەش هیواى خواست نمونەى بەڕێزیان زۆر بێت و ئاواتى سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خواست.
هەر لە سەردانەکەیدا، د. ئارام لە ڕێورەسمێکدا کۆلێژى زانستە سیاسیەکانى لە زانکۆى دهۆک کردەوە، کە پێکهاتوە لە هەردو بەشى پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و دیبلۆماسى و بەشى سیستمى سیاسى و سیاسەتى گشتى بۆ ئەمەش لە وتەیەکدا بۆ مامۆستایان و ستافى کۆلێژەکە پاڵپشتى وەزارەتى بۆ دوپاتکردنەوەو ڕایگەیاند: خستنە سەرپێى ئەم کۆلێژەو پەرەپێدانى دەبێتە یەکێکى دیکە لە دەستکەوتەکان بۆ زانکۆى دهۆک.
هەر لە باڵەخانەى کۆلێژى زانستە سیاسیەکان، وەزیرى خوێندنى باڵا لەگەڵ ڕاگرو سەرۆک بەش و مامۆستایانى زانکۆ کۆبۆوەو لە نزیکەوە گوێى بۆ گرتن و ڕێگە چارەسەرى بۆ بەشێک لە کێشەو ئاریشەکانى ئێستاى پرۆسەى خوێندن خستەڕو.
وەزیر ڕایگەیاند: لە نێو ئەو بارودۆخە نالەبارەى ناوچەکەو بڵاوبونەوەى پەتاى کۆرۆنا پرۆسەى خوێندن بە سیستمى ئاوێتە یەکێک بو لە بژاردە ناچارییەکانى ئەمساڵمان بۆ ئەوەى پرۆسەى خوێندن پارێزراو بێت، بە گوێرەى سیستمى خوێندنى ئاوێتەش ئەولیەتى ئێمە بۆ خوێندنى ناو کەمپەسە، ئومێدمان ئەوەیە کاتێک بارودۆخەکە باشتر بێت هەمو وانەکان لە ناو کەمپەس بخوێنرێت، بۆ ئەمەش ڕایگەیاند قۆناع بە قۆناغ لەبەر رۆشناى ئەو راپۆرت و هەڵسەنگاندن و ڕێکارانەى لێژنەى باڵاى ڕوبەڕوبونەوەى کۆرۆناو وەزارەتى تەندروستى دیاری دەکەن، زانکۆکانمان بە جێبەجێکردنى سەرجەم پرۆتۆکۆل و ڕێنمایەکان لەگەڵ رەوشى تەندروستى هەرێمەکەمان دەگونجێنین، بەشێوەیەک پاراستنى گیانى خوێندکاران و فەرمانبەران و مامۆستایانى زانکۆکان لەبەرچاو بگیرێت.
هەر لەهەمان چوارچێوەدا د. ئارام سەردانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆکى کردو لەلایەن د. عەدنان موحسین سەرۆکى زانکۆ و ڕاگرو مامۆستایانەوە پێشوازیلێکرا، لە میانى بەسەرکردنەوەى تۆمارى گشتى زانکۆ، لە نزیکەوە لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خۆتۆمارکردنى وەرگیراوانى ئەمساڵى خوێندن ئاشنا بو و بە ستافى تۆمارى گشتى ڕاگەیاند بو پەڕى خۆشحاڵى و لە خۆبوردنەوە پێشوازى لە وەرگیراوان بکەن و ئەوەى لە تواناتان بێت درێغى نەکەن بۆ ئاسانکارى دەرچوان.
هەروەک لە کۆبونەوەیەکیشدا لەگەڵ ستافى زانکۆ وەزیرى خوێندنى باڵا گوێى گرت لە کێشەو گرفتەکان و چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندن لە زانکۆى پۆلیتەکنیکى دهۆک بۆ ئەمەش چەندین پێشنیاز بۆ باشتر بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندن خرانەڕو.
هەر ئەمڕۆ وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەیاوەرى سەرۆکى زانکۆى دهۆک و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت سەردانى د. عەلى تەتەر پارێزگارى دهۆکى کردو لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ پارێزگار باس لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان بەگشتى و شارى دهۆک بەتایبەتى کرا، بۆ ئەمەش وەزیرى خوێندنى باڵا رۆڵى پارێزگارى دهۆکى لە گەشەپێدان و پشتیوانى بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵا لە سنورى پارێزگاى دهۆک بە گرینگ زانى، هەروەک پلان و بەرنامەکانى ساڵى نوێى خوێندنیشى خستەڕو، لەو چوارچێوەیەشدا پارێزگارى دهۆک سوپاس و دەستخۆشى لە کارەکانى وەزارەت کردو جارێکى دیکە پاڵپشتى بۆ سێکتەرى خوێندنى باڵا لە پارێزگاى دهۆک دوپاتکردەوە.