Skip to the content

وەزیرى خوێندنى باڵا: کەمپى زانکۆى ناوشار دەكەینە زانکۆى سلێمانى پزیشکى

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- لەچوارچێوەى سەردانە مەیدانییەکانى وەزیرى خوێندنى باڵا وتوێژینەوەى زانستى بۆ زانکۆ ودامەزراوە زانستیەکانى هەرێمى کوردستان بەمەبەستى ئاگاداربون لە چۆنیەتى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندنى ساڵى نوێ، ئەمڕۆ ٢٧ی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی ٢٠٢٠، د. ئارام محمد قادر زانکۆى سلێمانى بەسەرکردەوەو لەگەڵ د. ڕەزا حەسەن سەرۆکی زانکۆی سلێمانی و ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی کۆبۆوە.

لەم كۆبوونه‌وه‌یەدا كە د. ئالان فەرەیدون سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى و د. محەمەد حوسێن سەرۆکى دەزگاى سەرپەرشتى و دڵنیایى جۆرى ئامادەی بوون گفتوگۆ لەبارەى دەستپێکردنەوەی خوێندنی زانکۆکان کرا.

وەزیری خوێندنی باڵا جەختى کردەوە بە گوێرەى سیستەمی خوێندنى ئاوێتە ئەولەویەتی وەزارەت بۆخوێندنى ناو کەمپەسە، هیواشی خواست کاتێک بارودۆخەکە باشتر بێت هەمو وانەکان لە ناو کەمپەس بخوێنرێت، بۆ ئەمەش ڕایگەیاند بەپێى راپۆرت وهەڵسەنگاندن وڕێکارانەى لێژنەى باڵاى ڕوبەڕوبونەوەى کۆرۆناو وەزارەتى تەندروستى، زانکۆکان بە جێبەجێکردنى سەرجەم پرۆتۆکۆل و ڕێنمایەکان لەگەڵ رەوشى تەندروستى هەرێم دەگونجێندرێن، بەشێوەیەک پاراستنى گیانى خوێندکاران وفەرمانبەران و مامۆستایانى زانکۆکان لەبەرچاو بگیرێت.

لەبەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا د. ئارام ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کار بۆ ئەوە دەكرێت کەمپى زانکۆى ناوشارى سلێمانى بکرێتە زانکۆی سلێمانى پزیشکی، ئەویش بەمەبەستى زیاتر خزمەتکردنی شاری سلێمانی، بۆ ئەم مەبەستەش داواشی لە ئەنجومەنى زانکۆ کرد هاوکاری ئەم پرۆژەیە بن تا ئەم پڕۆژەیە سەربکەوێت، کە زەرورەتێکی گرنگە بۆ شاری سلێمانی.

هەر لە وتەکەیدا بۆ ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆى سلێمانى، وەزیری خوێندنی باڵا هەمو ئەو دەنگۆیانەی سەبارەت بە فرۆشتنی کەمپى زانکۆى ناوشارى سلێمانى دەکرێت ڕەتکردەوە، دووپاتیشی كردەوە ئەم کارە لەسەر بەهیچ شێوەیەك ڕونادات، چونکە ئەو زانکۆیە دیاری سەرۆك مام جەلالە بۆ سلێمانی وهێمایەكی دیارە بۆ ئەم شارە بۆیە پرۆژەى وەزارەت ئەوەیە کەمپى زانکۆى ناو شار بکرێتە زانکۆی سلێمانى پزیشکى، بۆ خزمەتى کەرتى تەندروستى هەرێمى کوردستان بە گشتى و شارى سلێمانى بەتایبەت.

هەر لەو سەردانەیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى کەمپى زانکۆى ناوشارى سلێمانى و کۆلێژی پزیشکی ددانی لە زانکۆی سلێمانی بەسەرکردەوە، لەگەڵ مامۆستاو خوێندکارانی ئەو کۆلێژە کۆبۆوە، بە خوێندکارانى ڕاگەیاند هەر کارێک بە وەزارەت بکرێت بۆخزمەتکردنی زانکۆى سلێمانى وزانکۆکانى دیکەى کوردستان درێغی ناکرێت.

هەر لە کۆبونەوەى لەگەڵ مامۆستاو خوێندکارانى زانکۆى سلێمانى، د. ئارام ڕەزامەندى نیشاندا بە دابینکردنى چەند ئامێرێکى پێشکەوتو لە بوارى پزیشکى ددان بۆ کۆلێژى پزیشکى ددان، کە بریتی بوون لەپێداویستى خوێندنى سەردەمى ئەمڕۆى وڵاتانى پێشکەوتوو.