وەزیری خوێندنی باڵا سەردانی هەڵەبجەى شەهیدی كرد
هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە سەردانیدا بۆ زانكۆی هەڵەبجەو لەمیانى کۆبونەوەى لەگەڵ ئەنجومەنى زانکۆ، داواى کرد پەلە بکەن بۆ ئامادەکارى بەمەبەستى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى بۆ زانکۆى هەڵەبجە کە شایستەى خوێن و قوربانى و ئازارەکانى هەڵەبجەییەکان بێت.
ئەمڕۆ دوشەمە ٢٦ی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی ٢٠٢٠ د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی لەگەڵ د. ئالان فەرەیدون سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی و د. محەمەد حوسێن سەرۆکى دەزگای سەرپەرشتی و دڵنیایی جۆری سەردانی زانكۆی هەڵەبجەیان كردو لەلایەن د. مەهاباد كامل عەبدوڵا، سەرۆكی زانكۆی هەڵەبجەو مامۆستاو فەرمانبەرانى زانکۆ پێشوازیان لێكرا.
لەسەردانەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كردو لەلایەن ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجەو نوخشە ناسح قایمقامی هەڵەبجە پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبونەوەیەکدا وەزیر ئاماژەی بەوەكرد وەزارەت بەهیچ شێوەیەك درێغى ناکات لە خزمەتکردن بەو شارە لەڕێگەى زانکۆ ودامەزراوە زانستیەکانى خوێندنى باڵا لە شارى هەڵەبجە.
لە بەشێکى دیکەى سەردانەکەیدا بۆ پارێزگاى هەڵەبجە، وەزیرى خوێندنى باڵا و هۆڵەكانی خوێندنى لە کۆلێژەکانى زانکۆ بەسەركردەوە، لە نزیکەوە لە ڕەوشى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندن و ڕێکارە خۆپارێزیەکانى کۆڵیەوەو داواى لە مامۆستاو فەرمانبەرو خوێندکاران و قوتابیان کرد پابەندى مەرج و ڕێکارە تەندروتسییەکان بن. دواتریش بەشداریکرد لە کۆبونەوەى ئەنجومەنى زانکۆى هەڵەبجە، بۆ ئەم مەبەستەش داواى لە ئەنجومەنى زانکۆ کرد پەلە بکەن بۆ ئامادەکارى بەمەبەستى کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى بۆ زانکۆى هەڵەبجە کە شایستەى خوێن و قوربانى و ئازارەکانى هەڵەبجەییەکان بێت. ڕاشیگەیاند وەزارەت هەمیشە هاوکارو پشتیوان دەبێت بۆ زانکۆى هەڵەبجە.
لە وێستگەیەکى دیکەى سەردانە مەیدانیەکەیدا بۆ پارێزگاى هەڵەبجە، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کۆلێژى تەکنیکى بۆ زانستە پراکتیکیەکان و پەیمانگەى تەکنیکى هەڵەبجەى بەسەرکردەوە، کە سەر بە زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانیە، بۆ ئەمەش لەلایەن ڕاگر و مامۆستاو فەرمانبەرانەوە بە گەرمى پێشوازیلێکرا دواتریش بەش و هۆڵەکانى خوێندن و تاقیگەکانى بەسەرکردەوەو لە نزیکەوە لەگەڵ مامۆستاو خوێندکاران لەبارەى پرۆسەى خوێندن و پێشنیازەکانیان گفتوگۆى کرد.