Skip to the content

وەزارەتى خوێندنى باڵا بە هاوکارى کۆمپانیاى هواوى، داتا سێنتەرى تایبەت بە سەرچاوە زانستیەکان بنیاد دەنێت

بەمەبەستى کەمکردنەوە بۆشایى تەکنەلۆجیا لە نێوان خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆکانى کوردستان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ کۆمپانیاى هواوى، کار لەسەر دروستکردنى داتاسەنتەرى تایبەت بە سەرچاوە زانستییەکان دەکات.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە کۆبوونەوە و گفتوگۆى نێوان د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و لی شيانغ يو (سبيس لی) جێگرى سەرۆکى کۆمپانیاى هواوى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، باس لە ئاڵوگۆڕى زانستى و ئاشناکردنى خوێندکارانى هەرێمى کوردستان بە کلتورى وڵاتى چین و دروستکردنى ئەکادیمیای ئایتى لە زانکۆى سەلاحەدین و پۆلیتەکنیکى سلێمانى و پەرەپێدانى تواناکانى کۆمپیوتەر و ئایتی لە زانکۆکانى کوردستان کرا.

وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سەبارەت بە پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵى زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمى کوردستان کە بە شێوازى خوێندنى ئاوێتە گوتى "بە سەرکەوتويی بەڕێو ەدەچێت، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هەماهەنگى زیاترى هواوى دەبێت بۆ کەمکردنەوە بۆشایى تەکنەلۆجیا لەنێوان خوێندکاران و مامۆستایانى زانکۆ و زیاتر بەهێزکردنى ژێرخانى ئەلیکترۆنى دامودەزگاکانى خوێندنى باڵا لە کوردستان"، هەروەها داواى کرد داتا سێنتەرى تایبەت بە سەرچاوە زانستییەکانى خوێندنى باڵا بنیاد بنرێت کە تیایدا هەموو سەرچاوە ئەلیکترۆنییەکان و کتێب و بابەتە زانیستییەکانى زانکۆکان لە خۆ بگرێت و قوتابیان و مامۆستایان بتوانن لە ڕێگەى کڵاودەوە دەستیان بەو بابەت و زانیاریانە بگات.

بڕیارە لە چوارچێوەى یادداشتێک و لە ئایندەیەکى نزیک، چەندین پڕۆژە لێکگەیشتن لە نێوان وەزارەت و کۆمپانیاى هواوى واژو بکرێت.