وەزیرى خوێندنى باڵا: باشترن پاداشت بۆ هەڵەبجە بنیادنانى زانکۆیەکى ئاست بەرزە
لە کۆبونەوەی نێوان وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و پارێزگارى هەڵەبجە، پێداگرى لە هەماهەنگى و هاوکارى زانکۆ و حکومەتى خۆجێى کرایەوە.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتى (٢٧/٤/٢٠٢١) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پێشوازی لە ئازاد تۆفیق پارێزگارى هەڵەبجەو کاوە عەلى جێگرى پارێزگار کرد.
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە هەڵەبجە کرد کە بەشێکە لە ناسنامەى نەتەوەیی و "ئەوەى لە تواناماندا بێت بۆ پێشخستنى ئاستى زانکۆى هەڵەبجە درێغى ناکەین، بۆ ئەمەش پێویستە هەمووان وەک یەک تیم خزمەت بە خەڵک و شارەکە بکەین" و هەر لەم بارەشەوە گوتى باشترن پاداشت بۆ شارى هەڵەبجە، بنیادنانى زانکۆیەکى پێشکەوتوو و ئاست بەرزە کە بتوانێت خزمەت بە ڕۆڵەکانى میللەتەکەمان بکات.