Skip to the content

وەزیری خوێندنى باڵا باڵەخانەى تازەىپزیشکى ددان و دەرمانسازى لە زانکۆى کۆمار لە سلێمانى دەکاتەوە

لەمیانى کردنەوەى باڵەخانەى هەردو کۆلێژى پزیشکى ددان ودەرمانسازى و کلینیکى پزیشکى ددان لە زانکۆى کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا،و کۆبونەوە لەگەڵ زانکۆى قەیوان، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایگەیاند: پێویستە کارو چالاکییەکانتان لەسەر بنەماى پاراستن و گەشەپێدانى کواڵێتى خوێندن و پەرەپێدانى توێژینەوەى زانستى و پاراستنى بەهاکانى خوێندن و فێربون بێت لە هەرێمى کوردستان.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/١٥ بەئامادەبونى وەزیرى رۆشنبیرى و لاوان و بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریکارى وەزارەتى تەندروستى و پارێزگارى سلێمانى و ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆ حکومى و تایبەتەکان و مامۆستایان، لە ڕێورەسمێکدا باڵەخانەى تازەى پزیشکى ددان و دەرمانسازى و کلینیکى پزیشکى ددان لە زانکۆى کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە سلێمانى کرایەوە.

 

باڵەخانەى تاقیگەو کلینیکى پزیشکى ددان لەسەر روبەرى ٢٥٠٠ مەتر دوجا دروستکراوە کە هەشت کلینیکى ددان و تاقیگەى شیکارى خوێن لەخۆ دەگرێت، باڵەخانەى پزیشکى ددان لەسەر ڕوبەرى ٣٠٠ هەزار مەتر دوجا دروستکراوەو شەش تاقیگەو پێنج هۆڵى خوێندن و تاقیگەى کۆمپیوتەرو هۆڵى کۆنفرانس بە تواناى ٢٢٠ کورسی لەخۆدەگرێت، هەروەها باڵەخانەى دەرمانسازى لەسەر ڕوبەرى ١٢٦٠ مەتر دوجا دروستکراوەو لە دو نهۆم پێکهاتوەو بریتیە لەهەشت تاقیگەو شانزە هۆڵى خوێندن و ٣٤ ئۆفیسى مامۆستاو ڕاگرو سەرۆک بەش، بڕى تێچوى هەردو باڵەخانەى پزیشکى ددان و دەرمانسازى و کلینیکى پزیشکى ددان و تاقیگەکان زیاتر بوە لە هەشت ملیۆن دۆلار.


دواتر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و ئامادەبوانسەرجەم بەش و هۆڵ و تاقیگەکانى لە زانکۆى کۆمار بەسەرکردەوەو دەستخۆشى لە سەرۆک و ستافى زانکۆ کردو هیواى خواست بۆ خزمەتکردن و پەرەپێدانى ڕەوشى خوێندن لە هەرێمى کوردستان و بەرزکردنەوەى کوالێتى و ئاستى زانستى لەهەرێمى کوردستان درێغى نەکەن.

 

لە وتەیەکیشدا د. سەڵاح سەعید سەرۆکى زانکۆى کۆمار، ئاماژەى بە هەوڵەکانى زانکۆ کرد بۆ بەرەوپێشبردنى ئاستى زانستى زانکۆکەو بەرزکردنەوەى ئاستى ئەکادیمى، کە دروستکردنى باڵەخانەو ژینگەى هاوچەرخى فێربون هاوکاردەبێت بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى.

 

لە لێدوانێکیشدا بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەستخۆشى لە زانکۆى کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا کرد بۆ دروستکردنى باڵەخانەى شیاو و مۆدێرن بەمەبەستى بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى زانکۆکە، لەبارەى پرۆسەى خوێندنى ئەمساڵ (٢٠٢٠-٢٠٢١) ڕایگەیاند: لەگەڵ بڵاوبونەوەى بەرفراوانى پەتاى کۆرۆنا، رێکارەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بە پیادەکردنى سیستمى خوێندنى ئاوێتە بەسەرکەوتوى بەڕێوەچو، لەو چوارچێوەیەشدا پاڵپشت بە دواین بڕیارى لێژنەى باڵاى ڕوبەڕوبونەوەى کۆرۆنا و ڕێکارەکانى وەزارەتى تەندروستى،پرۆسەى خوێندنى بەکالۆریۆس لە زانکۆ و پەیمانگە حکومى و تایبەتەکانى هەرێمى کوردستان بەپێى سیستمى خوێندنى ئاوێتە بەردەوام دەبێت، و پێشبینى دەکرێت لە ماوەى چەند هەفتەى داهاتو پرۆسەى وانەوتنەوە کۆتایى بێت و دواتر بەپێى تایبەتمەندێتى ساڵنامەى هەریەک لە زانکۆکان پرۆسەى تاقیکردنەوەکان دەستپێبکات.

 

لەدرێژەى سەردانەکەیدا بۆ دامەزراوەکانى خوێندنى باڵا لە شارى سلێمانى، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و بریکارى وەزارەت و وەفدى یاوەرى سەردانى زانکۆى قەیوانى کردو لەگەڵ شێخ فاخیر شێخ تەیب سەرۆکى دەستەى ئەمینداران و سەرۆکى زانکۆ و ستافى ئەکادیمى زانکۆى قەیوان کۆبۆوە.

 

لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان کۆڵەکەیەکى گرنگن لەپرۆسەى پێگەیاندنى ڕۆڵەکانى کوردستان و بنیادنانى توانا مرۆیەکان، بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختدەکاتەوە لە دروستکردنى هەماهەنگى ئەکادیمى لە نێوان کەرتى تایبەت و کەرتى گشتى بۆ ئەنجامدانى پرۆژەى هاوبەشى زانستى لەبوارە جیاجیاکان.

 

وتیشى: پێویستە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ببنە سەرچاوەى پاراستنى ڕەسانایەتی و بەهاکانى پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان، بەشێوەیەک خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەى زانستی لەم زانکۆیانە دەبێت لەسەر بنەمای کوالێتى و بنیادنانیکارامەیى و پەرەپێدانی توانای داهێنان و کارسازى بێت بۆ دەرچوان و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندنیش ڕەنگدانەوەى پێداویستیەکان و ئامادەکردنى گەنجان و لاوان بێت بۆ بازاڕى کارى کوردستان. بۆیە لەگەڵ ئەوەى زانکۆ تایبەتەکان مافى پشتیوانیان هەیە، لە هەمان کاتیشدا پێویستە ئەرکەکانى سەرشانی خۆیان بە گیانى لێپرسراویەتیەوە جێبەجێ بکەن.