وەزیری خوێندنى باڵا: نابێت زانکۆ تایبەتەکان ببێتە شوێنى بەخشینی بروانامەی بێ ناوەرۆک
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/٦ د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بەجیا سەردانى هەریەک لە زانکۆى نەورۆزو زانکۆی جیهانی لە شارى دهۆک کردو لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆکان بەجیا کۆبۆوە.
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە خوێندنى تایبەت و زانکۆ تایبەتەکان لە هەرێمى کوردستان کۆڵەکەیەکى گرنگن لەپرۆسەى پێگەیاندنى ڕۆڵەکانمان و بنیادنانى توانا مرۆیەکان، بۆ ئەمەش وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە کابینەى نۆیەم بەگرنگیەوە لە ڕۆڵى زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەڕوانێت و هاوکار و هەماهەنگیانە. هەر بۆیە جەختدەکەینەوە لەسەر پاراستن و گەشەپێدانى کوالێتى خوێندن و توێژینەوەى زانستى لەم زانکۆیانەو پاراستنى بەهاکانى خوێندن و فێربون.
وتیشى: پێویستە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان ببنە سەرچاوەى پاراستنى ڕەسانایەتی و بەهاکانى پرۆسەى خوێندن لە هەرێمى کوردستان، بەشێوەیەک خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەى زانستی لەم زانکۆیانە دەبێت لەسەر بنەمای کوالێتى و بنیادنانی کارامەیى و پەرەپێدانی توانای داهێنان و کارسازى بێت بۆ دەرچوان و ناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندنیش ڕەنگدانەوەى پێداویستیەکان و ئامادەکردنى گەنجان و لاوان بێت بۆ بازاڕى کارى کوردستان. بۆیە لەگەڵ ئەوەى زانکۆ تایبەتەکان مافى پشتیوانیان هەیە، لە هەمان کاتیشدا پێویستە ئەرکەکانى سەرشانی خۆیان بە گیانى لێپرسراویەتیەوە جێبەجێ بکەن.
هەر لەوتەکەیدا د. ئارام محمد قادر دوپاتیکردەوە: زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان دەبێت ڕەچاوى بارودۆخى دارایى و ئابورى خەڵکى هەرێمەکەمان بکەن و لەڕوى کرێى خوێندنەوە کار ئاسانى بۆ خوێندکاران و قوتابیان و خانەوادەکانیان بکەن، بۆ ئەوەى بتوانین دەرفەتى زیاتر و فراوانتر بۆ گەنجان و لاوان بڕەخسێنین و درێژە بەخوێندنى بەرایى بدەن و گرفتى دارایى نەبێتە هۆى لەدەستدانى ماف و هەلى خوێندنیان.
هەر لەمیانى کۆبونەوەى لەگەڵ زانکۆ تایبەتەکانى سنورى پارێزگاى دهۆک، وەزیرى خوێندنى باڵا جەختى کردەوە، هێندەى لەتواناماندا بێت هەوڵ دەدەین دەرفەتى خوێندن و فێربون لەسەر بنەماى یەکسانى و دادپەروەرى بۆ گەنجانى وڵاتەکەمان دروست بکەین، یارمەتیدەر دەبین بۆ تۆخکردنەوەی ئینتماى نیشتمانى و گەنجەکانمان لە وڵاتى خۆمان بە خەون و خولیاکانیان شاد دەبن و سەرمایەى نیشتمانیشمان لەناوخۆمان بەکاردەهێنین و هەلى فێربون و خوێندنى یەکسان و دادپەروەر بۆ گەنجانی وڵاتەکەمان دەستەبەردەکەین.
لە کۆتایشدا د. ئارام محمد قادر ڕایگەیاند: وەزارەتەکەمان لەگەڵ زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان پرۆژەى هاوبەشى هەبوە و داواتان لێدەکەین بیر لە پرۆژەى تازەو ستراتیژى بۆ پەرەپێدانى ئاست و کوالێتى خوێندن بکەنەوە، هەروەک وتیشى: زانکۆ تایبەتەکان دەبێت بەوریایى مامەڵە لەگەڵ پرۆسەى خوێندن و کوالێتیەکەى بکەن، بەجۆرێک هێندە بەهاکەى بەرز بێت کە پەرە بەکارامەییەکان بدات و زانکۆکانتان نەبێتە شوێنى بەخشینى بڕوانامەى بێ ناوەرۆک. چونکە ئەو جۆرە بڕوانامانە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشى نیشتمانى و هەڵوەرینى بەهاکان و ئایندەی ولاتەکەمان دەخاتە مەترسییەوە.
لەلایەن خۆشیانەوە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنى زانکۆى جیهان – دهۆک و زانکۆى نەورۆز، جەختیان لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارو راسپاردەکانى وەزارەت و هاوکارییەکان کردەوە بۆ پەرەپێدانى کارەکانیان لە چوارچێوەى بەرزکردنەوەى کوالێتى خوێندن و ئاستى زانکۆ تایبەتەکان.