Skip to the content

وەزیری خوێندنی باڵا: پەیامی شەھیدانى زانکۆى قەڵادزێ ھەوێنی بیروباوەڕ و قیبلەنمای کاروانی پێشکەوتن و زانستی گەلەکەمانن

ئەمڕۆ (٤٧) ساڵ بەسەر بۆردومانکردنی شاری قەڵادزێ تێدەپەڕێت کە لە پەلامارێکی دڕندانەی بێ پێشینە ئەو شارە بە چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بۆمباران و بێجگە لە بوونە قوربانى و ئاوارەیی سەدان کەسى سڤیل لە دانیشتووەکانى، دەیان خوێنداکار و مامۆستا و فەرمانبەرانی زانکۆی سلێمانی کە ئەوکات لە شاری قەڵادزێ بوو، لێ شەهید و بریندار بوون.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا سەبارەت بە ساڵڕۆژى بۆمبارانى زانکۆى سلێانى و شارى قەڵادزێ دەڵێت "ئەوکات سەردەمی شۆڕشی ئەیلول بوو، زانکۆی سلێمانیش وەک هەمیشە پشتیوانی گەورەی شۆڕش بوو و شانبەشانی پێشمەرگە لە سەنگەری خەبات و بەرخودان بوو، هەر لە بەر نیشاندانی هەڵوێست و هاوخەباتی بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٤، مامۆستایان و خوێندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆ بڕیاریاندا بچنە بەرەی شۆڕش و تەواوی زانکۆ ببەنە شاری قەڵادزێ، حکومەتی دیکتاتۆری ئەوکاتەش بەشێوەیەکی توندوتیژ وەڵامی ئەم هەڵوێستەی دانەوە و بە بۆمبی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی شاری قەڵادزێی بۆردومان کرد کە چەندین شەهیدو برینداری لێ کەوتەوە، وەک شەهیدانی سەربەرزی زانکۆ سۆرانی سەڵەتە و حەمەساڵح سام سام و ئازاد حوسێن و عومەر مەجید و هیوا عەبدولغەفوور و بورهان شاسوار".

لە کۆتایی پەیامەکەى وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هاتووە "لەم ڕۆژەدا وێڕای دانەواندنی سەری ڕێز و نەوازش لە حزوور گیانی بەرزەفری شەھیدان، ڕایدەگەیەنین پەیامی زیندووی زانکۆ و شەھیدان، وەک ھەمیشە ھەوێنی بیروباوەڕ و قیبلەنمای کاروانی خەباتی ئەم سەردەمەمانن و ھەتا گەیشتن بە دوا ئامانجەکانی گەلەکەمان، زانکۆکان و دامەزراوکانی سەر بەوەزارتی خوێندنی باڵا درێژەپێدەری باوەڕی بەرزی شەھیدان و کاروانی پێشکەوتن و زانستیی گەلەکەمان دەبن".