Skip to the content

بەریتانیا پەرەی زیاتر بە پەیوەندییە زانستییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەدات

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ڕایدەگەیەنێت: لەبوارى زانستى و ئەکادیمى و پەرەپێدانى تواناکان و خوێندنى باڵا، وەزارەتەکەمان چەندین پڕۆژەى زانستى هاوبەشى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى وڵاتى بەریتانیا هەیە.
ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (2021/8/3) د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لەگەڵ (مێلانى سمارت) کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان کۆبۆوە.
 
 لەو کۆبونەوەیەکدا کە بریکارى وەزارەت و ڕاوێژکارو بەڕێوەبەرانى گشتى ئامادەیبون، کونسوڵى گشتى بەریتانیا لە هەرێمى کوردستان خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بۆ سەردانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و باسى لە ئەرک و کارى هاوبەشى زانکۆکانی بەریتانیا کرد لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستان.
 
لە وتەیەکیشدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى باسى لە پەیوەندییەکانى حکومەت و گەلى کوردستان لەگەڵ وڵاتى بەریتانیا کرد و، بۆ ئەمەش وتى: لەقۆناغى داهاتو دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بۆ ئاستێکى فراوانتر پەرەپێبدەین، بەو پێیەى وەزارەتەکەمان لە ڕابردوودا زۆرترین پڕۆژەى زانستی هاوبەشى لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانى وڵاتى بەریتانیا هەبووە و ، زۆرترین وەبەرهێنانی زانستی لە بوارەکانی پەرەپێدانی تواناکان و  توێژینەوەی هاوبەش و ئاڵوگۆری ئەکادیمی لەگەڵ زانکۆکانی بەریتانیا هەبووە بۆیە خوازیارین ئەم پەیوەندییە زانستییانە فراوانتر بن و بوارەجیاجیاکانی تایبەت بەگەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا لەخۆ بگرێت.
 
د. ئارام محمد قادر بە کونسوڵى بەریتانیاى ڕاگەیاند: بەشێکى گرنگ و ستراتیژى کارى ئێە لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بریتیە لە فراوانکردنى پانتایى خوێندنى تەکنیکى و پیشەیى لە هەرێمى کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا بەپێویستى دەزانین کەناڵێکى ڕاستەوخۆ و باشتر لەگەڵ بازارى کارى کوردستان ئەنجام بدەین، بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئامانجانە پێویستمان بە شارەزایى و لێهاتویى و توانا زانستییەکانى بەرتانیا هەیە، بۆ ئەوەى سود لە ئەزمون و تواناى ئەو وڵاتە وەربگرین.
 
هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا باسی لە پلانی وەزارەت بۆ ڕیفۆرمی سیستمی ناوەندیی وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیان کرد، بۆ ئەمەش وتى بەشداری و هەماهەنگی شارەزایانی بەریتانیا زۆر یارمەتیدەر دەبن لە سەرخستنی ئەم پرۆژەیە.
 
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان تایبەت بون بە فروانکردن و بەهێزکردنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە کایەی ئەکادییمی و سەرکردایەتیکردنی دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، لەم چوارچێوەیەشدا کونسوڵی گشتی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەم دەستپێشخەرییە، لەم چوارچێوەیەشدا بڕیاردرا کۆمەڵێک پرۆژە و چالاکی هاوبەش ئەنجام بدرێت و دەرفەتی ڕاهێنانی توانای سەرکردایەتیکردن بۆ ژنانی نێو دامەزراوە ئەکادیمییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن زانکۆکانی بەریتانیاوە بڕەخسێنرێت.