Skip to the content

بە سەرپەرشتى وەزیرى خوێندنى باڵا، ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سێ سەرۆک زانکۆ بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەسەرپەرشتى و ئامادەبونى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى هەریەک لە سەرۆک زانکۆکانى (هەولێرى پزیشکى، سۆران، ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان)، لە سێ ڕێوڕەسمى جیادا لە هەولێر و سۆران بەڕێوەچو.
ئەمڕۆ یەکشەمە ڕێکەوتى (2021/8/8)  هەریەک لە (د. ئاریانا خالص جواد) لە جێگەى (د. سەلیم زەنگەنە ) وەک سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان و (د. نورالدین اسماعیل اللە قولى) لە جێگەى (د. کامەران یونس) وەک سەرۆکى زانکۆى هەولێری پزیشکى و (د. شێروان شریف قرطاس) لەجێگەى (د. موسڵح مستەفا) وەک سەرۆکى زانکۆى سۆران، ئاڵوگۆڕى پۆستیان لەگەڵ یەکتر ئەنجامداو بەفەرمى دەستبەکاربون. 
لە چەند وتەیەکى جیادا لە هەریەک لە ڕێورەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆکى زانکۆى هەولێرى پزیشکى سەرۆکى ئەنجومەنى کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان و سەرۆکى زانکۆى سۆران، د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى سوپاسى هەریەک لە سەرۆک زانکۆکانى پێشو کرد کە بەشێکى زۆرى ژیانیان تەرخانکرد بۆ خزمەتکردنى زانکۆ و پەرەپێدانى کەرتى خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان، بۆ ئەمەش داواى لێکردن هەموان وەک یەک تیم هاوکارى سەرۆکى نوێى زانکۆ بن بۆ جێبەجێکردنى ئەو ئەرکە نیشتمانییەى کە لەم قۆناغەدا لە ئەستۆى دامەزراوەکانە. 
هەر لە وتەکەیدا وەزیرى خوێندنى باڵا دوپاتیکردەوە لەماوەى دوو ساڵى ڕابرودا سەربارى گرفت ئاڵنگارییەکانى زانکۆکانمان توانیمان لەسەر پێى خۆمان بوەستین و پێکەوە توانیمان ڕوبەڕوى هەمو ئەو گرفت و قەیرانانە ببینەوە کە لە ئەنجامى دەرهاویشتەکانى پەتاى جیهانى کۆرۆناو دۆخى سیاسى و ئابورى هاتەڕێمان، بۆ ئەمەش بەیەکەوە توانیمان لە ڕێگەى پەیرەوکردنى سیستمى خوێندنى ئاوێتە پرۆسەى خوێندن بپارێزین و نەهێڵێن ڕۆڵەکانى وڵاتەکەمان ساڵى خوێندنیان لە کیس بچێت. هەروەک وتیشى: هەرچەندە پرۆسەى خوێندنى ساڵانى ڕابردو بەشێوەیەکى بەرچاو بەسەرکەوتوى کۆتایى پێهات، بەڵام لەهەمانکاتدا پێویستە پێکەوە هەڵسەنگاندنێکى ورد و زانستیانە بۆ سیستمى ئاوێتە و لایەنە جیاکانى بەڕێوەچونى پرۆسەى خوێندنى دو ساڵى ڕابردو ئەنجام بدەین.
د. ئارام محمد قادر ڕاشیگەیاند: لێتان ناشارمەوە ئەمساڵیش نزیکەى ١٢٤ هەزار قوتابى و خوێندنکار داخلى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەی بونە، هەریەک لەم رۆڵانەى وڵاتەکەمان خاوەنى خەون و خولیاو تواناى داهێنانن، ئەمانە بەشێکى گرنگى سەرمایەى مرۆیى کوردستانن، بۆیە دەبێت هەمو هەوڵەکانمان بخەینە گەڕ بۆ ئەوەى دەرفەتى بەردەوامى خوێندنیان لە زانکۆکانى کوردستان بۆ بڕەخسێنین. بۆ ئەمەش سوپاسى ئەنجومەنى زانکۆکان و مامۆستایانى کرد کە ساڵى پار درێغیان نەکرد لە ڕەخساندنى دەرفەت بۆ دەرچوانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى. 
لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا لە ڕێوڕەسمى ئاڵوگۆڕى پۆستى سەرۆک زانکۆکان، وەزیرى خوێندنى باڵا ڕایگەیاند: بەوردى ئاگادارى بارودۆخى دارایى زانکۆکانین و باوەڕى تەواومان بەسەربەخى دارایى و ئەکادیمى و کارگێڕى زانکۆکانە، لەو پێناوەشدا هەوڵى تەواومان داوەو کارەکانیشمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەى پشتیوانى دەسەڵاتى دارایى شایستە بگەڕێتەوە بۆ زانکۆکان.
 
لەلایەن خۆشیەوە د. عبدالفتاح عبدالرزاق بریکارى وەزارەت لە وتەی جیاجیادا، وێڕاى پیرۆزبایى لە سەرۆک زانکۆ تازەکان و دەستخۆشى کردن لەسەرۆک زانکۆکانى پێشو، پشتیوانى وەزارەتى بۆ سەرکەوتن و بەرزکردنەوەى ئاستى زانستى و ئەکادیمى زانکۆکانى کوردستان دوپاتکردەوەو ڕایگەیاند: بە یەک تیمى و گیانى لەخۆبوردویى دەتوانین زاڵ بین بەسەر تەواوى کێشەکان و گەیشتن بە چارەسەرى گونجاو بۆ لەمپەرەکانى بەردەم سێکتەرى خوێندنى باڵا لە کوردستان.