Skip to the content

مامۆستایانى زانکۆ دەکرێنە سەرپەرشتیارى ناوەندەکانى دەنگدان

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - بەئامانجى سود وەرگرتن لە توانا زانستى و مرۆییەکانى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەرێمى کوردستان، وەفدێکى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق لەگەڵ پ. د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبوەوە.
 
لەو کۆبونەوەیەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى (١٠/٨/٢٠٢١) لە دیوانى وەزارەت بەئامادەبونى بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون و، بەڕێوەبەرى گشتى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایی بەڕێوەچو و، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرى کۆمیسیۆن لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان ئامادەیبون، سەعد موحسین جەبر سەرۆکى لێژنەى دەستنیشانکردنى سەرپەرشتیارى ناوەندەکانى دەنگدان لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردن لە عێراق، کە سەرۆکایەتى وەفدى میوانى دەکرد لە وتەکیدا وتى: وەک دەزانین عێراق بەرەو هەڵبژاردنى پێش وەختە هەنگاو دەنێت، هەربۆیە وڵاتەکەمان لەم قۆناغە هەستیارەدا بەدۆخى تایبەتدا گوزەر دەکات، وتیشى وەک ئەنجومەنى کۆمیسیۆن لەماوەى ڕابردودا هەنگاوى گرنگمان ناوە بۆ ئەوەى پڕۆسەیەکى سەرکەوتوى هەڵبژاردن بەرێوەبەرین.
 
سەرۆکى وەفدى میوان ئامانجى سەردانەکەى بۆ وەزارەت ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى خاوەن کەسانى بەتوانا و لێهاتو و خاوەن ئەزمونى دەوڵەمەندە، بۆیە لەبەر ڕۆشنایی بڕیارەکانى ئەنجومەنى کۆمیسیۆن دەبێ سەرپەرشتیارى ناوەندەکانى هەڵبژاردن مامۆستایانى زانکۆ بن، بۆ ئەوەش  داوا لە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان دەکەین هاوکار وهەماهەنگمان بن.
 
لە بەرامبەردا پ. د. عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان لە وتەیکدا باسى لە بارودۆخى سیاسى عێراق و ئەو ئاستەنگانە کرد، کە پێیدا گوزەر دەکات، وتیشى گرنگە لایەنە سیاسیەکان ڕۆڵی گرنگیان لە سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگارییەکاندا هەبێ، چونکە عێراق خاوەن پێکهاتەیەکى ئاڵۆزە و دەبێ بەوریایەوە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێ.
 
سەبارەت بەداواکاری وەفدى میوان، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتی ئێمە وەک وەزارەت خاوەن تواناى ئەکادیمى زۆرین، بۆیە شانازى بەو متمانەیەمان دەکەین، وتیشى مایەى خۆشحاڵیە سەربارى ئاراستەى بیرکردنەوەى سیاسى جیا، بەڵام هەموان متمانەیەکى زۆریان بەمامۆستایانى زانکۆ هەیە، ڕاشیگەیاند: لەبەر ڕۆشنایی ڕاسپاردەکانى د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى ئەوەى بەئێمە بکرێ هەماهەنگ و هاوکارتان دەبین.
 
لەبەشێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەى وردەکارییەکانى چۆنیەتى هاوکارییەکانى نێوان هەردولا کرا، بەتایبەت لە چۆنیەتى دەستنیشانکردنى سەرپەرشتیارى ناوەندەکانى دەنگدان لە مامۆستایانى زانکۆ کرا، بۆ ئەوەش باس لە کۆمەڵێک میکانزم کرا، هەروەک باس لەو هەنگاو و ڕاهێنانە کرا، کە لەلایەن کۆمیسیۆن بەسەرپەرشتیاران دەکرێ بەئامانجى سەرخستنى هەڵبژاردنێکى تەندروست و سەرکەوتو.