Skip to the content

وەزارەتى پەروەردە و وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش بڵاو دەکەنەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و وەزارەتى پەروەردە، ڕەشنووسى ستراتیژى گەشەپێدانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى لە هەرێمى کوردستان ئامادە دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەمە ٢٠٢١/٨/٢٤، بە سەرپەرشتى  (د. ئارام محمد قادر) وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و (ئالان حەمەسەعید) وەزیرى پەروەردە و بە ئامادەبوونى بریکاران و ڕاوێژکاران و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانى گشتى هەردوو وەزارەت، لە دیوانى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کۆبوونەوەى هاوبەشى هەردوو وەزارەت تایبەت بە داڕشتنى ستراتیژى گەشەپێدان و بەرەو پێشبردنى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى ئەنجام درا. بۆ ئەمەش لیژنەیەکى پسپۆرى هاوبەش لەنێوان هەردوولا پێکهێنرا بۆ ئەوەى لەماوەى (١٥) پانزە رۆژى کارکردندا ڕەشنووسى ستراتیژى گەشەپێدانى خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى ئامادە بکەن، بە مەبەستى  پێشکەشکردنى بە بۆردى پەروەردە و خوێندنى باڵاى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان.